بەرپرسێکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا دەڵێت فەڕەنسا نایەوێت سازش بکات بۆ ڕووسیا و دەیەوێت ئۆکرانیا لە جەنگەکەدا دژی مۆسکۆ سەربکەوێت و سەروەری خاکەکەی بۆ بگەڕێندرێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە پاریس دەیەوێت نیگەرانییەکان سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکە سەبارەت بە جەنگەکە بڕەوێنێتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕەخنەی توندی لێگیرا لەلایەن ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، ئەوەش دوای ئەوەی وتی نابێت ڕووسیا " شەرمەزار بکرێت " بۆ ئەوەی بتوانین کاتێک جەنگەکە تەواو بوو چارەسەرێکی دیبلۆماتی بدۆزینەوە.
بەرپرسەکە کاتێک سەبارەت بە لێدوانەکەی ماکرۆن پرسیاری لێکرا، وتی " وەکو سەرۆک وتی، دەمانەوێت ئۆکرانیا سەربکەوێت. دەمانەوێت سەروەری خاکی ئۆکرانیا بگەڕێندرێتەوە."
لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بەردەوام لەڕێی پەیوەندیی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کردووە، ئەوەش وەکو هەوڵیک بۆ خستنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جددی ئاشتی لەنێوان کیێڤ و مۆسکۆدا، بەڵام تاوەکو ئێستا ماکرۆن لە هەوڵەکانیدا هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆی نەبووە.
بەرپرسەکە وتی " لە قسەکانی ماکرۆندا سازشی تێدا نیە بۆ پوتن یاخود ڕووسیا. کاتێک ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵدا دەکات سازشکردن نیە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بڵێت ئێمە چۆن شتەکان دەبینین."
وتیشی فەڕەنسا ئامادەیە یارمەتیدەر بێت لە ڕێگەدان گەیشتن بە بەندەری ئۆدێسا، کە لەوێ هەندێک لە گەنمەکەی ئۆکرانیا ئامادەیە بۆ هەناردەکردن.
وتی " ئێمە لەبەردەستی لایەنەکانداین تاوەکو ئەرکێک ئەنجام بدرێت تیایدا ڕێگە بدرێت کەشتیەکان بچنە بەندەری ئۆدێساوە، بە پارێزراوییەکی تەواوەوە."
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە نەدا فەڕەنسا چۆن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.
بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن نزیکەی 20 ملیۆن تەن گەنم لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش گەمارۆدراون و ناتوانرێت هەناردەی دەرەوە بکرێن.
بەرپرسەکە داکۆکی لە هەڵوێستەکەی ماکرۆن کرد و وتی دەبێت گفتوگۆیەک هەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ جەنگەکە. وتیشی پاریس پشتیوانیکەری سەرەکی سزاکانی سەر ڕووسیایە و پشتیوانییەکی سەربازیی گەورەی ئۆکرانیای کردووە.
هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و باڵتیک پێیان وایە ماکرۆن بە پاراستنی گفتوگۆکانی لەگەڵ پوتندا ئەو هەوڵانەی خستۆتە مەترسییەوە کە بۆ ناچارکردنی پوتن بۆ گفتوگۆکردن دەنرێن.
ماکرۆن لە 14-15 ی مانگی شەشدا سەردانی ماڵدۆڤا و ڕۆمانیا دەکات، ئەوەش وەکو پیشاندانی پشتیوانی فەڕەنسا بۆ ئەو دوو وڵاتە کە ڕووبەڕووی مەترسییەکانی ڕووداوەکانی ناو ئۆکرانیا بوونەتەوە.
لە چوارچێوەی ئەرکەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا فەڕەنسا نزیکەی 500 سەربازی ڕەوانەی ڕۆمانیا کردووە و سیستمی موشەکی دژە فڕۆکەی لەو وڵاتەدا جێگیرکردووە، هەروەها سەرپەرشتی ئەرکەکانی ناتۆ دەکات لە ڕۆمانیا. بەرپرسەکە وتی ماکرۆن سەردانی هێزەکانی فەڕەنساش دەکات تاوەکو جەخت لە پابەندبوونی فەڕەنسا بکاتەوە بە هاوپەیمانێتییەکەوە.
تاوەکو ئێستا ماکرۆن سەردانی کیێڤی نەکردووە، بەرپرسەکەی کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بەدووری نەزانی ماکرۆن سەردانی ئۆکرانیا بکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
فەڕەنسا: فەڕەنسا لە بارێکی دەروونیدا نیە سازش بکات بۆ ڕووسیا
