ئۆفیسی سەرۆکایەتی فەڕەنسا دەڵێت سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن هۆشداری داوەتە هاوتا ئێرانییەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی لەسەر دەرەنجامی پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕووسیا.
ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لە ئێران کردووە " دەستبەجێ " پشتیوانییەکانی بۆ ڕووسیا لە جەنگەکەیدا دژ بە ئۆکرانیا ڕابگرێت.
ئۆفیسەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی ماکرۆن نیگەرانی خۆشی دەربڕیوە سەبارەت بە ئاڕاستەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئەمەریکا و ئۆکرانیا دەڵێن پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بە ڕووسیا پێشێلکردنی بڕیارێکی ساڵی 2015 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
ڕۆژی هەینی کۆشکی سپی وتی وادەردەکەوێت ڕووسیا هاریکارییە بەرگرییەکانی لەگەڵ ئێراندا قووڵتر کردبێتەوە و سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێرانەوە وەرگرتووە و لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئۆکرانیا بەکارییان دەهێنێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز