سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازی لە " یەکەمین سەرکەوتنی " فەڕەنسا کرد بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا، دوای ئەوەی نزیکەی 30,000 کەس لەو وڵاتە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستدا، هەروەها ڕایگەیاند ڕێوشوێنەکانی داخستنی وڵاتەکە کەم دەکرێنەوە و دووبارە قاوەخانە و چێشتخانەکانی پاریس دەکرێنەوە.
ماکرۆن لە وتارێکدا وتی " بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام من دڵخۆشم بە یەکەمین سەرکەوتنی وڵاتەکە بەسەر ڤایرۆسەکەدا."
ماکرۆن ئەوەشی خستەڕوو " لە سبەینێوە هەموو خاکەکانی فەڕەنسا جگە لە مایۆت و گوایانا کە هێشتا ڤایرۆسەکە تیایاندا چالاکە، دەخرێنە ناوچەی سەوزەوە، ئەمەش ڕێگە دەدات خەڵکان بچنەوە سەر کارەکانیان و قاوەخانە و چێشتخانەکانی پاریس دووبارە بکرێنەوە."
ماکرۆن وتیشی لە 22ی مانگی شەشەوە خوێندنگاکانیش دەکرێنەوە.
ماکرۆن وتی " هیچ شتێک نیە شەرمی لێبکەین لەو ئەنجامەی پێیگەیشتوون." ئەمەش لەکاتێکدایە چەند جارێک ڕەخنە لە حکەمەتەکەی گیراوە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ قەیرانەکەدا.
ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە حکومەتەکەی " 500 هەزار یۆرۆ " ی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەرجکردووە، ئەوەشی بەدوورزانی باج لەسەر خەڵک زیادبکرێت لەبەرامبەر ئەو پارەیەی حکومەت بۆ قەیرانەکەی خەرجکردووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس