وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان یێڤ لۆدغیان وتی وڵاتەکەی بە ڕابەرانی لایەنەکانی لیبیای ڕاگەیاندووە کە هیچ بەدیلێک نیە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیاری دەکات بۆ خستنەوەی سەقامگیری لە لیبیادا و هەروەها ئامادەکردنی بۆهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018.
جێی ئاماژەیە لە لیبیا دوو حکومەت هەیە ڕکابەرایەتی یەکتری دەکەن، یەکێکیان لە ڕۆژهەڵاتە و ئەوی دیکەیان لە تەڕابلسی پایتەختە کە دەکەوێتە ڕۆژئاواوە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی لێدەکرێت. ئەم ناکۆکیانەش لەدوای کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی معەمەر قەزافیەوە دەستی پێکردووە.
فەڕەنسا ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لەدژی قەزافی و فڕۆکەی جەنگی نارد بۆ بۆمبارانکردنی هێزەکانی.
لە مانگی نۆدا نەتەوە یەکگرتووەکان خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان دوو لایەنە ڕکابەرەکەی دەست پێکردەوە وەکو ئامادەکاریەک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە ساڵی 2018 دا، بەڵام دانوستانەکان دوای یەک مانگ کۆتاییان پێهات.
لۆدغیان دوای کۆبوونەوەکەی لە بنغازی لەگەڵ سەرکردەی سەربازیی خەلیفە حەفتەردا وتی " پێم وتووە کە هیچ بەدیلێکت نیە لەبەردەمتدا بۆ پلانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان."
ئاماژەشی بەوەدا حەفتەر و سەرۆک وەزیر فائیز سەراج پێیان ڕاگەیاندووە کە هەردووکیان پابەندن بە هەڵبژاردنەکانەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز