Accessibility links

فەڕەنسا لەسێدارەدانی توندڕەوە فەڕەنسییەکان لە عێراق ڕەت دەکاتەوە


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان وتی پشتیوانی لە دادگاییکردنی توندڕەوە فەڕەنسییەکان دەکات لە عێراق بەڵام بە تەواوەتی سزای لە سێدارەدان ڕەت دەکاتەوە کە عێراق کاری پێدەکات.

دوو فەڕەنسی و چیچانییەک کە داوای مافی پەنابەرێتی کردووە لە فەڕەنسا لە زیندانەکانی پایتەختی عێراق دەستگیرکراون بەهۆی ئەوەوە کە چوونەتە ناو ڕێکخراوی داعشەوە و چاوەڕێی دادگاییەکانیان دەکەن کە لەوانەیە سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەربکرێت.

لۆدغیان لەمیانەی سەردانە تایبەتەکەیدا بۆ کۆنگرەی دووبارە بنیادنانەوە عێراق وتی " ئەو ئافرەتانەی ئاماژەیان پێکراوە دژی فەڕەنسا جەنگاون. بۆ گەشتکردن نەهاتوون بۆ عێراق بەڵکو هاتوون لەدژی باوەڕ و ڕێساکانمان بجەنگن."

لۆدغیان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت لەو شوێنەدا دادگایی بکرێن کە تاوانەکانیان تیادا ئەنجامداوە، کە عێراقە، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە تەنها منداڵەکان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ فەڕەنسا.

هەروەها وتیشی " ڕاستە سزای لەسێدارەدان لە عێراقدا کاری پێدەکرێت بەڵام لە ئەمەریکاش هەر کاری پێدەکرێت بۆیە ئەوە حاڵەتێکی تایبەت نیە."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا وڵاتەکەی هەمیشە دژایەتی سزای لەسێدارەدان دەکات و ئەم بابەتەشی لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر عەبادیدا باس کردووە.

لۆدغیان جەختی کردەوە لەوەی هەرکاتێک فەڕەنسییەک ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە ئەوا بە بەهێزیەوە دەجوڵێن بۆ جەخت کردنەوە لەسەر هەڵوێستی خۆیان. بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتە بەر.

جێی ئاماژەیە تا ئێستا حەوت فەڕەنسی لە جیهاندا ڕووبەڕووی سزای لە سێدارەدان بوونەتەوە، لەوانەش سێرج ئەتلاوی کە دادگاییەکەی لە ئیندۆنیسیا بەڕێوەچوو و بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە تۆمەتبار کرابوو.

فەڕەنسا هەمان هەڵوێستی هەبووە لە بەرامبەر ئەو توندڕەوە فەڕەنسییانەی کە لە سوریادا دەستگیرکراون.

سەرچاوە/ سکای نیوز

XS
SM
MD
LG