Accessibility links

لۆدغیان: لێدوانەکانی ئێران سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە هێڵی سوور نزیک دەبێتەوە


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان وتی لێدوانەکانی ئێران سەبارەت بەوەی کە ئەگەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە هەڵبوەشێتەوە ئەوا یۆرانیۆمی زیاتر دەپیتینێت، نزیک دەبێتەوە لە هێڵی سوور.

جێی ئاماژەیە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی ڕۆژی دووشەممە وتی فەرمانی دەرکردووە بە زیادکردنی توانای پیتاندنی یۆرانیۆم ئەگەر بێتوو ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهاندا هەڵبوەشێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا لەو ڕێکەوتنە کشایەوە.

ئێران وتیشی سەبارەت بە پلانە سەرەتاییەکان بۆ بەرهەمهێنانی مەوادی پێویست بۆ کارپێکردنی ئامێری ناوەندیی بە دەزگای وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندووە کە ئەو ئامێرە بەکار دەهێنرێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.

لۆدغیان بە ڕادیۆی ئەوروپا 1ی وت " ئەم هەنگاوە جێی پێشوازیکردن نیە. جۆرێکە لە وروژاندن."

وتیشی " هەمیشە مەترسیدارە یاری بە هێڵە سوورەکان بکەیت، بەڵام هەنگاوەکە هێشتا لە چوارچێوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ڤییەنادایە."

گرژییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا زیادی کرد دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕاگەیاند و سزاکانی لەلای خۆیەوە بەسەر تاراندا سەپاندەوە.

ئەوروپاش هەوڵدەدات ڕێکەوتنەکە ڕزگار بکات کە بۆتە هۆی ڕاگرتنی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران و لەبەرامبەریشدا سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران بەرز کراونەتەوە. هەروەها بە باشترین ڕێگەشی دادەنێن بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت پەرە بە چەکی ناوەکیی بدات.

بەڵام ئەوروپا ئێرانی ئاگادارکردۆتەوە لەوەی کە وەکو ئەمەریکا لە ڕیکەوتنەکە دەکشێنەوە ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە.

لۆدغیان وتی " ئەگەر بۆ ئاستێکی بەرزتر بڕۆن ئەوا ڕێکەوتنەکە پێشێل دەکەن. بەڵام دەبێت بزانن ئەگەر ئەوە بکەن ئەوا خۆیان دەخەنە ژێر مەترسی سزای نوێیوە و ئەوروپییەکانیش دەستەوەستان ناوەستن."

وتیشی ئێران تاوەکو ئێستا پابەندە بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG