Accessibility links

فەڕەنسا: ئێران هیچ شتێکی دەست ناکەوێت لە پێشێلکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە


وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی ئێران هیچ شتێکی دەست ناکەوێت لە پێشێلکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، ئەمەش وەکو وەڵامێکی فەڕەنسا بۆ ڕاگەیەندراوەکەی ئێران کە تیایدا وتی تاران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئانیس ڤۆن دێر موڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێران هیچ شتێکی دەست ناکەوێت ئەگەر لە ڕێكەوتننامەکەی ڤییەنا بێتە دەرەوە."

وتیشی " گومان کردن لە ڕێکەوتنەکەدا تەنها دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە."

ڕۆژی دووشەممە ئێران ڕایگەیاند یۆرانیۆمی پیتێنراو لە کۆگاکانیدا لەو ڕێژەیە زیاتری تێدایە کە بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکیەکە بۆی دیاریکراوە، ئەمەش یەکەمین پێشێلکاری ئێران بوو لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا.

ڤۆن دێر موڵ وتی " بەهۆی ئەوەوە فەڕەنسا و هاوبەشە ئەوروپییەکانی داوا لە ئێران دەکەن پاشگەزبێتەوە لەو کارەی کردوویەتی و هیچ ڕێوشوێنێکی دیکە نەگرێتەبەر کە ببێتە هۆی لەناوبردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG