Accessibility links

فەڕەنسا داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات توند بن لەگەڵ ئێراندا بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان

فەڕەنسا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد بیر لە سەپاندنی سزای نوێ بکەنەوە بۆ سەر ئێران بەهۆی ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە جەنگی ناوخۆی سوریا و بەرنامە موشەکییە باڵیستییکیەکەیدا لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ ڕازی کردنی واشنتن تاوەکو ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بپارێزێت کە لە ساڵی 2015 دا لە نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کرا.

سەرۆکی ئەمەریکا تاوەکو 12ی مانگی پێنج کاتی داوەتە وڵاتانی ئەوروپا تاوەکو ئەو هەڵانە چارەسەر بکەن کە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا هەیە، ئەگەر نا ئەوا ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە دەکشێتەوە و سزاکانی دووبارە دەسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا.

وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو داوایەی ئەمەریکا، بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا پێشنیاری سەپاندنی سزای نوێیان کردووە بۆ سەر ئێران لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بەهۆی بەرنامە موشەکییە باڵیستییەکەی و ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە جەنگی ناوخۆی سوریادا.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان وتی " ئێمە ئامادەین ڕێز لە ڕێکەوتنەکەی ڤییەنا بگرین" وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو شارەی کە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی تێدا واژۆ کرا لە نێوان زلهێزەکانی جیهان و ئێراندا.

بەڵام بە ڕۆژنامەنووسانی وت " نابێت ڕۆڵی ئێران دووربخەینەوە لە بڵاوکردنەوەی موشەکی باڵیستیکی و ڕۆڵە گومانلێکراوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەبێت ئەم گفتوگۆیەش پێشنیار بکرێت بۆ گەیشتن بە هەڵوێستێکی هاوبەش."

وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕەخنەی لە لێدوانەکانی لۆدغیان گرت و وتی هیچ گفتوگۆیەک لەسەر ئەوە نابێت کە ئێران دەڵێت ئەو چەکانە تەنها بۆ مەبەستی بەرگرین.

دەزگای فارسی هەواڵی ئێرانی لە وتەبێژ بەهرام قاسمییەوە بڵاویکردەوە " هیوادارین دوای سەردانەکەی ئەمدواییەی بۆ تاران و گفتوگۆکرنی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا ڕاستی سیاسەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی تێگەیشتبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG