Accessibility links

لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ سەرۆک ترامپدا، مێرکڵ پەنا دەباتە بەر ماکرۆن بۆ چاکسازیکردن لە ئەوروپادا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وەڵامی پێشنیارەکەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنی دایەوە سەبارەت بە بابەتی چاکسازی لە ئەوروپا، لە هەوڵیدا بۆ خۆ بەردوورگرتن لە ناکۆکییەکەی ڕووخێنەر لەگەڵ فەڕەنسادا.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەوروپا لەم مانگەدا، مێرکڵ و ماکرۆن بەڵێنیانداوە لەو کۆبوونەوەیەدا پلانێکی هاوبەش پێشنیار بکەن بۆ چاکسازی لە ئەوروپادا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا چاوپێکەوتنێکی ئەنجامدا و تیایدا باسی لە ناوچەی یۆرۆ و سیاسەتی بەرگریسیاسەتەکانی پێدانی مافی پەنابەرێتی کرد.

جێی ئاماژەیە لەم هەفتانەی دواییدا مێرکڵ ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توند بۆوە لەسەر ئەوەی هیچ گرنگییەکی پیشان نەدا بۆ پێشنیارەکانی ماکرۆن لە کاتێکدا ماکرۆن یەکێک لە بەڵێنەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا ئەوە بوو کە چاکسازی لە ئەوروپادا بکات و لەمیانەی وتارەکانیدا کۆمەڵێک هێڵی دیاری دانا بۆ ئەو مەبەستە.

هەروەها فشارەکانی سەر یەکێتی ئەوروپا زیاتر بوو بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی یەکگرتوویی پیشان بدات دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە .

ئەڵمانیا ئەگەری زیاتری هەیە بکەوێتە ناکۆکی بازرگانییەوە لەگەڵ ئەمەریکادا و زۆرێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن هەڕەشەکانی واشنتن وای لە مێرکڵ کردووە زیاتر پەنا بۆ ماکرۆن بدات و لەگەڵ ئەودا پەیوەندییەکانی زیاتر بکات.

بەڕێوبەری پەیمانگای جاک دیڵەرز هێنریک ئاندەرلن لە بەرلین وتی " ئەم هەنگاوە بەتەواوەتی ڕەنگدانەوەی کەسایەتی ئەوە، ئەو لە حاڵەتی بەرگریدایە، خەڵک دەڵێت ئەو هیچ ناکات بەڵام لەو کاتەدا شتێکی لەناکاو پێشنیار دەکات."

مێركل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی بە ڕوونی هەڵوێستی ئەڵمانیای ڕاگەیاند سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەت، لەوانەش:

پشتیوانی لە بیرۆکەی گواستنەوەی هۆکاری ڕزگارکردنی ئەوروپا کرد بۆ سندوقی پارە کە تیایدا قەرزی ماوە کورت دەدرێت بەو وڵاتانەی کە فشاری داراییان لەسەرە. وتیشی سندوقی پارەی ئەوروپی دەبێت بتوانێت توانای وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکەدا هەڵبسەنگێنێت لەسەر ئەوەی تاوەکو چەند دەتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.

پشتیوانی لە پێشنیاری بودجەی وەبەرهێنانی ناوچەی یۆرۆ کرد و وتی دەتوانرێت بخرێتە ناو بودجەی یەکێتی ئەوروپاوە و دەشتوانرێت نەخرێتە ناوی.

داوای کرد وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا داواکارییەکی هاوبەشیان هەبێت بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی و هەروەها هێزی پۆلیسی سنووری ئەوروپا و دەزگاکانی کۆچی ئەوروپی پلانێکی هاوبەشیان هەبێت. هەروەها پشتیوانی لە سیستمێک کرد کە تیایدا ئەو وڵاتانەی کە ڕەتی دەکەنەوە پەنابەران وەربگرن لەجیاتی ئەوە لە بوارەکانی دیکەدا قەرەبووی ئەوە بکەنەوە.

هەروەها پشتیوانی لە بیرۆکەکەی ماکرۆن کرد بۆ پێکهێنانی هێزێکی ئەوروپی کە ڕۆشنبیری سەربازیی و سیاسیی هاوبەشیان هەبێت، کە ئەوەش دەرگا دەکاتەوە بەڕووی ڕۆڵی بەرگری ئەڵمانیادا و زیاتر چالاک دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG