فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا داوایان لە کۆریای باکوور کرد گفتوگۆی جددی لەگەڵ ئەمەریکادا بکات و وتیان سزا نێودەوڵەتیەکانی سەر کۆریای باکوور دەمێنننەوە تاوەکو کۆریای باکوور دەستبەرداری بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی دەبێت.
دوای کۆبوونەوە داخراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە تاقیکردنەوەی موشەکەکان لەلایەن کۆریای باکوورەوە ، فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا ئەم بەیاننامەیەیان بڵاوکردەوە.
نوێنەری بەڕیتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کارین پیێرس وتی " سزا نێودەوڵەتییەکان دەبێت بە تەواوەتی بمێننەوە تاوەکو کۆریای باکوور دەستەبەرداری بەرنامە ناوەکیی و موشەکییە باڵیستیکییەکەی دەبێت."
کارین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێستی یەکگرتوو پیشان بدات وەکو ڕێزێک بۆ بڕیارەکانی."
وتیشی " داوا لە کۆریای باکوور دەکەین ڕێوشوێنی بەرجەستە بگرێتەبەر بەرەو داماڵینی تەواوەتی چەکی ناوەکیی کە بتوانرێت دواتر پشکنینی بۆ بکرێت وەکو چۆن لەو ڕێکەوتنەدا هاتووە کە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە 30 مانگی شەشدا ڕێکەوتوون لەسەری."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز