Accessibility links

وڵاتانی ئەوروپی ئێران بە بەرپرس دەزانن لە هێرشەکەی سەر سعودیە


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ناگێلا مێرکڵ و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ناگێلا مێرکڵ و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئێرانیان بە بەرپرس زانی لە هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و داوایان لە ئێران کرد ڕازی ببێت بە دووبارە گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامە ناوەکیی و موشەکیی و بابەتەکانی دیکەی ئاسایشی ناوچەکە.

بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ناگێلا مێرکڵ، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف بەدووری زانی ئێران جارێکی دیکە وتوێژ لەسەر ڕێکەوتنێکی دیکەی نوێی ناوەکی بکاتەوە و وتی هاوبەشە ئەوروپییەکان شکستیان هێنا لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانیان لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا.

دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، وڵاتانی ئەوروپی لە هەوڵی ئەوەدابوون گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن کەم بکەنەوە.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیادا هاتووە " ئێستا کاتی ئەوەیە ئێران ڕازی ببێت بە دووبارە وتوێژکردنەوە لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی و هەروەها بابەتەکانی ئاسایشی ناوچەکە، کە بەرنامە موشەکیەکەشی دەگرێتەوە."

دوای هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتیەکانی سعودیە لە 14 ی مانگی نۆدا، گرژیەکان زیاتر بوون و ڕیاز و واشنتن ئێرانیان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئەو کارە، تارانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " ڕوون و ئاشکرایە لەلامان کە ئێران بەرپرسە لەم هێرشە. هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکە بوونی نیە، ئێمە پشتیوانی لە لێکۆڵینەوەکان دەکەین."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ سوپاسی ئەو وڵاتە ئەوروپیانەی کرد لەسەر بەیاننامەکەیان و وتی " ئەمە دیبلۆماسیەت و دۆسیەی ئاشتی پتەوتر دەکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG