Accessibility links

فەڕەنسا بەنیازە هێزێکی سەربازیی ئەوروپی نوێ دروست بکات لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا وتیان حکومەت لە مانگی شەشدا هێزێکی سەربازیی نوێی ئەوروپی پێکدەهێنێت کە دەتوانرێت بڵاوبکرێنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەکان، ئەوەش لە دەرەوەی هەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپا.

جێی ئاماژەیە پاریس لە بارەی پێشنیارکردنی پێکهێنانی هێزەکەوە پەیوەندیی تەلەفونی کردووە بە زیاتر لە 10 وڵاتەوە لەوانەش ئەڵمانیا و هۆڵەندا و بەڕیتانیا و دانیمارک، هەروەها کۆمەڵێک کاریان پێکهێناوە بۆ دانانی پلانێک بۆ بیرۆکەکە.

پێشنیارەکە ئامانج لێی کۆکردنەوەی ئەو وڵاتە ئەوروپییانەیە کە توانای سەربازییان هەیە و ئارەزوویەکی سیاسییان هەیە بۆ هاریکاریکردن لە پلاندانان و جێبەجێکردنی شیکارییە هاوبەشەکان بۆ کێشە بەپەلەکان و بەرپەرچدانەوەیان بەشێوەیەکی خێرا.

یەکێک لە سەرچاوەکان وتی " ئەو هێزە لە ناو یەکێتی ئەوروپادا کار ناکات و ڕێگە دەدات بەو وڵاتانەی کە لە دەرەوەی یەکێتییەکەن وەکو بەڕیتانیا بەشێک بن لە هێزەکە."

واچاوەڕواندەکرێت ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری بەرگری فەڕەنسا فلۆرێنس بارلی لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی ئورۆسۆلا ڤۆن دەیر لەیندا کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG