Accessibility links

سەرچاوەکان: فەڕەنسا کۆبوونەوەکەی وەزیری بەرگری وڵاتەکە لەگەڵ هاوتا بەڕیتانیایەکەیدا هەڵدەوەشێنێتەوە


وەزیری بەرگری فەڕەنسا فلۆرێنس پاڕلی

دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە ئاماژەیان بەوەدا فەڕەنسا کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری بەرگری وڵاتەکە فلۆرێنس پاڕلی و وەزیری بەرگری بەڕیتانیا هەڵوەشاندەوە کە وابڕیابوو لەم هەفتەیەدا بەڕێوەبچێت، هۆکارەکەشیان گەڕاندەوە بۆ ڕێکەوتنە نوێیەکەی نێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیا لەگەڵ ئوستڕاڵیادا، کە بووە هۆی ئەوەی ئوستڕاڵیا ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ فەڕەنسادا بۆ دروستکردنی ژێردەریایی هەڵبوەشێنێتەوە.

سەرچاوەکان وتیان وەزیری بەرگری فەڕەنسا فلۆرێنس پاڕلی بە تایبەتی بڕیاریداوە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاسدا هەڵبوەشێنێتەوە.

وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا هیچ لێدوانێکی نەداوە و هاوکات وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر بابەتەکە بدات.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژنامەی The Guardian ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەکە هەڵوەشاوەتەوە، سەرچاوەکانیش ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2016 دا فەڕەنسا لەگەڵ ئوستڕاڵیادا ڕێکەوت تاوەکو ژێردەرییایی بۆ دروست بکات، کە ملیاران دۆلاری تێدەچێت، بەڵام هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا و بەڕیتانیا لەگەڵ ئوستڕاڵیادا ڕێکەوتنێکی ئاسایشیان واژۆ کرد و تیایدا بەپێی ڕێکەوتنەکە ئەو دوو وڵاتە تەکنەلۆجیایەکی ژێردەریایی دەدەن بە ئوستڕاڵیا کە دەتوانرێت بە وزەی ناوەکی کاری پێکرێت، ئەمەش وایکرد ئوستڕاڵیا ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ فەڕەنسادا هەڵبوەشێنێتەوە.

فەڕەنسا دەڵێت هاوپەیمانەکانی لەم بابەتەدا ڕاوێژییان لەگەڵدا نەکردووە، لەکاتێکدا ئوستڕاڵیا دەڵێت چەند مانگێکە وڵاتەکە نیگەرانیەکانی خۆی سەبارەت بە ڕێکەوتنەکە بە فەڕەنسا ڕاگەیاندووە.

وتەبێژی حکومەتی فەڕەنسا وتی سەرۆکی وڵاتەکە ئیمانوێل ماکرۆن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە تەلەفون قسە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا دەکات و تاوتوێیە ئەو باسە دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG