فەڕەنسا دووبارە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کە لەساڵی 2015 دا مۆرکرا بپارێزێت و پێشنیاری بەردەوامبوونی ڕێکەوتنەکەی کردەوە کە لە ساڵی 2025 دا کۆتایی دێت، ئەمەش لەکاتێکدا سەرۆک ترامپ وتی بەمزووانە بڕیارێک دەدات سەبارەت بەم بابەتە.
ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهان بە تاقیکردنەوەیەکی قورسدا دەڕوات و بڕیارەکەی سەرۆک ترامپیش لەوانەیە کۆتایی بە ڕێکەوتنەکە بهێنێت لە نیوەی مانگی 10دا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر ئەوەی کە ئایا پابەند دەبێت بە ڕێکەوتنەکەوە، سەرۆک ترامپ وتی " بەمزووانە دەبینن."
سەرۆک ترامپ ڕێکەوتنەکەی بە خراپترین ڕێکەوتن ناودێرکردووە.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جان یێڤ لۆدریان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێویستە پارێزگاری لێبکرێت بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکیی. لەم کاتەدا کە ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور بووینەتەوە دەبێت پارێزگاری لەم هێڵە بکرێت."
وتیشی " فەڕەنسا هەوڵدەدات بڕوا بە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بهێنێت کە پارێزگاری لەم ڕێکەوتنە بکات تەنانەت ئەگەر بتوانرێت دوای 2025یش کاربکرێت بۆ بەردەوامی پێدانی ئەم ڕێکەوتنە."
پێویستە لەسەر سەرۆک ترامپ لە مانگی 10دا لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکادا گەواهی بدات لەسەر ئەوەی کە ئایا ئێران پابەندە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەوە یاخوود نا، وە ئەگەر گەواهی نەدا ئەوا کۆنگرێسی ئەمەریکا 60 ڕۆژی لەبەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا ئەو سزایانە دەسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا کە بەهۆی ڕێکەوتنەکەوە لابراون یاخوود نا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز