سەرۆکایەتی پەرلەمانی فەڕەنسا ڕایگەیاند دووەمین ئەندام پەرلەمانی فەڕەنسا ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە دوای ئەوەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، پێنج پەرلەمانتاری دیکەش پشکنینیان بۆ کراوە.
پەرلەمانی فەڕەنسا ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی ئاشکرا نەکرد کە توشی ڤایرۆسەکە بوون بەڵام میدیایەکی ناوخۆیی لە ڕۆژهەڵاتی هەرێمی ئالاساک بڵاویکردەوە یەکێک لە پەرلەمانتارە توشبووەکان ژان لوک ڕێتزەرە کە نوێنەرایەتی ناوچەیەک دەکات زۆرینەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو ناوچەیەدان، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو لە ئێستا ئەو پەرلەمانتارە لە ژێر چاودێری ورد دایە.
لە بەیاننامەکەی پەرلەمانی فەڕەنسادا هاتووە دەڵێت پەرلەمانتارەکەی دیکە ئافرەتێکە، ئاماژەشی بەوەدا کارمەندێکی دیکەش توشی ڤایرۆسەکە بووە.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی باڵای خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی فەڕەنسا جیرۆم سالۆمۆن ڕۆژی شەممە وتی پێنج کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی گیان لە دەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە فەڕەنسا گەیشتە 16 کەس.
سالۆمۆن وتیشی لە ئێستادا فەڕەنسا 949 حاڵەتی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز