Accessibility links

فەڕەنسا و بەڕیتانیا بەشداری لە دانوستانەکانی سوچی ناکەن


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان

بەڕیتانیا و فەڕەنسا ڕایانگەیاند بەشداری لە دانوستانەکانی ئاشتی سوریا ناکەن کە وابڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە ڕوسیا بەڕێوە بچێت و چەختیان لە پێویستی سازدانی ئەم جۆرە دانوستانانە کردەوە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیاری دەکات و داوایان لە مۆسکۆ کرد حکومەتی سوریا ناچار بکەن بەشداری لە دانوستانەکاندا بکەن.

هێزەکانی ڕۆژئاوا و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی پێیان وایە دانوستانەکانی سوچی هەوڵێکی ڕوسیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانەی جیا و لەناوبردنی ئەو هەوڵانەی کە دەدرێن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەوڵدەدەن بناغەیەک دابنێن کە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و ڕوسیا و ئێرانی هاوپەیمانی بەدڵیان بێت.

ڕوسیا بانگهێشتی هەموو ئەو وڵاتانەی دیکەشی کردووە کە ئەندامن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، کە ئەوانیش ئەمەریکا و چین و بەڕیتانیا و فەڕەنسان، تاوەکو بەشدار بن لەو دانوستانەکاندا کە ئۆپۆزسیۆنی سوریا وتی ئامادەی نابێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەبێت هەموو ئەو هەوڵانەی دیکە کە دەدرێن وەکو دانوستانەکانی سوچی کە ڕوسیا ڕێکی دەخات پشتیوانی لەو هەوڵانە بکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات."

وتیشی " ئاگادارین کە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەشداری ناکات. فەڕەنسا بەشداری لەو کارە ناکات کە لەوێ بەڕێوە دەچێت."

نوێنەری بەڕیتانیا لە سوریا مارتن لۆنگدین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی " بەڕیتانیا بەشداری لە کۆنگرەی سوچی ناکات. سەرەڕای هەوڵەکانی ڕوسیا، ڕژێمەکە ڕەتی دەکاتەوە بەشداری بکات و ئەو متمانەیەی نەهێشتووە کە سوچی بتوانێت یارمەتی هەوڵەکانی جنێڤ بدات."

وتیشی " داوا لە ڕوسیا دەکەین دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی باوەڕ بە ڕژێمەکە بێنێت واز لەو ڕەفتارە ڕووخێنەرانەی بهێنێت."

دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە زاری وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیانەوە بڵاویان کردەوە " ئەگەر دانوستانەکانی ڤییەنا شکست بهێنن ئەوا مانای ئەوەیە کە ڕژێمەکە بەشداری دانوستانەکان ناکەن."

وتیشی " پێم وایە سوچی ناتوانێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە چونکە لایەنی سەرەکی لەوێ نابێت، ئەوەش بەهۆی یەک هۆکاری سەرەکییەوەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕژێمەکە نایەوێت دانوستاندن لە ڤییەنا ئەنجام بدات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG