Accessibility links

بەریتانیا و فەڕانسە دەڵێن تاقیکردنەوەی موشەکی ئێران پێشێلکردنی بڕیاری یو ئێنە


پەمپێۆ گوشاری بۆ ئاڵمان، فەڕانسە و بەریتانیا هێناوە کە وەک ئەمەریکا لە ئەو پەیمانە ناوکییەی بێنە دەر کە ساڵی ٢٠١٥ لە سەردەمی سەرۆک ئۆباما واژۆکرا.

فەرانسە و بەریتانیا پشتیوانی لە هوشداریدانی بەڕێوەبەرایەتی تڕامپ دەکەن کە ئێران بە تاقیکردنەوەی موشەکی مام ناوەندی کە توانای هەڵگرتنی چەندین سەرەموشەکی هەیە پێشێلی بڕیارەکانی یو ئێن دەکات.

لێدوانەکانی لە لایەن پاریس و لەندەنەوە ڕەنگە حکومەتی ئەمەریکا ئەوە وەک یەکەم نیشانە ببینێت کە هاوپەیمانانی ئەوروپایی بە قەناعەت بگەن کە رەفتاری ئێران وەک مەترسیدار ببینن و پشتیوانی ئەو وڵاتانە لە پرۆگرامی ناوکی پاساو هەڵناگرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مایک پامپێۆ، لە کۆتایی حەوتوو ڕەخنەی لە پرۆگرامی موشەکی ئێران گرت و ناوبراو بۆ ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ دەبێت تا جەخت بخاتە سەر پەیامەکەی سەبارەت بە ئەو هەڕەشەیە کە ئێران خستۆیەتە سەر سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو هەروەها بڕیارە لە بروکسڵ چاوی بە سەرۆک وەزیری ئیسڕایل نەتان یاهوو بکەوێت.

لە لێدوانێکی ڕۆژی شەمەدا، پامپێۆ گوتی ئێران موشەکی باڵستیکی مام ناوەندی تاقیکردۆتەوە کە پێشێل کردنی بڕیاری یو ئێنە. بە گوێرەی پامپێو، موشەکەکە توانای هەڵگرتنی چەندین سەرە موشەکی ناوکی هەیە "کە مەوداکەی ڕێگای پێدەدات بەشەکانی ئەوروپا و یان هەر شوێنێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئامانج".

ئەو گوتی: "ئەو تاقیکردنەوەیە بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش پێشێل دەکات کە لە ئێرانی قەدەغە دەکات "هەر کردارێک کە پێوەندی بە موشەکی باڵستێک بێت ئەنجامی بدات ئەوەی توانای هەڵگرتنی سەرە موشەکی ناوکی هەبێت."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی کە پرۆگرامی موشەکی ئێران بۆ بەرگری کردنە و هیچ بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایش پرۆگرامی موشەکی یان تاقیکردنەوەی موشەکی ئێرانی قەدەغە نەکردووە.

XS
SM
MD
LG