Accessibility links

فەڕەنسا داوا لە هاوڵاتیانی دەکات ئەفغانستان جێبهێڵن


باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە کابوڵ وتی فەڕەنسا داوا لە سەرجەم هاوڵاتیەکانی دەکات ئەفغانستان جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی ترسی ئەمنییەوە، لەکاتێکدا کشانەوەی هێزە بیانیەکان لەو وڵاتەدا لە قۆناغی کۆتاییدایە و تاڵیبانیش بەردەوامە لە پێشڕەوییەکانی.

باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " حکومەت لە بەیانیی 17 ی مانگی حەوتدا گەشتێکی تایبەت ڕێکدەخات تاوەکو سەرجەم هاوڵاتیانی لە ئەفغانستان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ فەڕەنسا."

ئەوەشی خستەڕوو گەشتەکە بەخۆڕایی دەبێت.

وتیشی " باڵیۆزخانەی فەڕەنسا بە فەڕمی پێشنیاری ئەوە دەکات بۆ هاوڵاتیە فەڕەنسییەکان ئەم گەشتە تایبەتە پەسەند بکەن یاخود بە هەر شێوازێکی دیکەی خۆیان بەزووترین کات وڵاتەکە جێبهێڵن."

جێی ئاماژەیە پێشتر کۆمەڵێک وڵات داوایان لە هاوڵاتیانیان کردووە ئەفغانستان جێبهێڵن یاخود هێناویاننەتە دەرەوە، لەوانەش هیندستان و چین.

باڵیۆزخانەکە وتیشی لە بارودۆخێکدا نابێت گرەنتی پارێزراوی هاتنە دەرەوەی ئەو هاوڵاتیانە بدات کە دەیانەوێت لە دوای 17 ی مانگی حەوتەوە ئەفغانستان جێبهێڵن.

لە سەرەتای مانگی پێنجەوە و لە دەستپێکی کشانەوەی هێزە بیانییەکاندا لە ئەفغانستان، چەکدارانی تاڵیبان هێرشەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی وڵاتەکە دەستپێکرد. تاوەکو ئێستا زۆرینەی باکووری وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵکردۆتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG