Accessibility links

ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە فەڕەنسا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە 4000 کەسی تێپەڕاند


فەڕەنسا بووە چوارەمین وڵات کە ژمارەی گیان لەدەستدانەکان تیایدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە4000 کەس تێبپەڕێنێت، هەریەک لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئەمەریکا لە پێش فەڕەنساوە دێن.

کاربەدەستانی تەندروستی فەڕەنسا 509 حاڵەتی نوێی گیان لەدەستدانیان بەهۆی نەخۆشیەکەوە تۆمارکرد، بەمەش کۆی گشتی گیان لەدەستدانەکان لەو وڵاتە بەرزبۆوە بۆ 4,032 کەس.

جێی ئاماژەیە سێ هەفتەیە فەڕەنسا قەدەغەکردنی هاتوچۆی ڕاگەیاندووە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا و تا ئێستاش هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر ئەوەی قەدەغەکردنەکە بەمزووانە لاببرێت.

لە کۆنفرانسێکی ڤیدیۆییدا لەبەردەم لیژنەیەکی پەرلەماندا کە مەبەست لە کۆنفرانسەکە ڕەخنەگرتن بوو لە چۆنێتی مامەڵەکردنی حکومەتی فەڕەنسا لەگەڵ قەیرانەکەدا، سەرۆک وەزیری فەڕەنسا ئێدوارد فیلیپ وتی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی شوێنە گشتیەکان وردە وردە درێژ دەکرێتەوە وەک لەوەی بە یەک جار کاتێکی بۆ دیاری بکرێت.

حکومەتی فەڕەنسا لە 15ی مانگی سێیەوە فەرمانی بە هاوڵاتیانی وڵاتەکە کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە تاوەکو بەلایەنی کەمەوە 15ی مانگی چوار.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG