Accessibility links

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکات


وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جان یێڤ لۆدریان لە ڕۆژانی 15 و 16ی مانگی حەوتدا سەردانی قەتەڕ و سعودیە و کوەیت و ئیمارات دەکات لەچوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی وڵاتانی کەنداو.

سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسڕ مانگی پێشوو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و بەتۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر و ئێران تۆمەتبارییان کرد، قەتەڕیش هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " لەکاتێکدا کە ناکۆکیی و کێشە هەیە لەنێوان ئەو وڵاتانەدا کە پەیوەندییەکی باشمان هەیە لەگەڵیاندا داوا دەکەین بەزووترین کات ڕەوشەکە بەشێوەیەک ئارام ببێتەوە کە لەبەرژەوەندی هەموواندا بێت."

فەڕەنسا کە پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ میسڕ و ئیماڕاتدا و لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە چەک بە قەتەڕ دەفرۆشێت و هاوپەیمانێکی بەهێزی سعودیەیە، لەماوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەو وڵاتانەدا زۆربەی کاتەکان بێدەنگی هەڵبژاردووە و تەنها داوای کردووە ڕەوشەکە ئارام ببێتەوە.

فەڕەنسا دوایین هاوپەیمانی زلهێزی ڕۆژئاوا دەبێت سەردانی کەنداو بکات دوای ئەوەی نوێنەرانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمەریکا سەردانی وڵاتانی کەنداویان کرد هەوڵەکانیاندا بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشە و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکان.

وابڕیارە لۆدریان لەمیانەی سەردانەکەیدا جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کۆمەکیکردنی تیرۆریستان بکاتەوە و هەروەها داوا لە وڵاتانی کەنداو بکات هەموویان پێکەوە ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG