بەرپرسانی پاکستان ڕایانگەیاند لە ئەنجامی شەڕە تەقەیەکدا لەگەڵ کۆمەڵێک چەکدار لە باکووری ڕۆژئاوای نزیک سنووری ئەفغانستان چوار سەربازی پاکستانی کوژران، لەنێویاندا ئەفسەریکی پلەبەرزی تێدابووە.
لە بەیاننامەیەکدا سوپا ڕایگەیاند بەریەککەوتنەکە لەو کاتەدا ڕوویداوە کاتێک هێزەکانی ئاسایش هێرشیان کردۆتە سەر حەشارگەیەکی تیرۆریستان لە ناوچەی شێرۆتکای لە هەرێمی دێر و چەکدارەکان دوو خۆکووژیان تێدابووە.
هەروەها ڕاشیگەیاند یەکێک لە خۆکوژەکان خۆی تەقاندۆتەوە لەکاتێکدا ئەوەی تریان کوژراوە و سێیەم تیرۆریست دەستگیرکراوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " ئەفسەرێک و سێ سەرباز ژیانی خۆیان کردە قوربانی لەکاتێکدا هێرشیان کردۆتە سەر تیرۆریستان."
سەرۆک وەزیری پاکستان شاهید عەباسی لە بەیاننامەیەکی جیادا وتی " هێرشە ترسنۆکەکانی تیرۆریستان بۆ سەر هێزەکانی ئاسایشمان قەت وامان لێناکات کۆڵ بدەین لە بەردەوامبوونمان لەسەر ئەرکەکانمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا."
سەرچاوە/ VOA