سەرۆکی شارەوانی لەندەنی پایتەختی بەڕیتانیا سادق خان وتی پۆلیس بەدرێژایی کات کاردەکات دوای کوژرانی چوار کەس لە ماوەی 28 کاتژمێردا کە لەنێویاندا ئافرەتێکی دوگیانیش هەبووە و بە چەقۆ کوژراوە.
ئافرەتە دوگیانەکە لە هەشتەمین مانگیدا بووە و پۆلیس ناوەکەی ئاشکرا کرد، کێڵی ماری ففڕێل، لە شوێنی تاوانەکەدا منداڵەکە لەدایک بووە و دواتر منداڵەکە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و لە بارودۆخێکی خراپدایە. پۆلیس وتی پیاوێکی تەمەن 29 ساڵیان دەستبەسەر کردووە کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت دەستی هەبووبێت لە ڕووداوەکەدا.
لە سێ ڕووداوی جیادا، دوو پیاو بە چەقۆ کوژران و پیاوێکی دیکە بەهۆی شەڕێکەوە کوژراوە، ئەمەش لەنێوەندی بەردەوامبوونی شەپۆلی تاوانەکانی کوشتندا لە لەندەنی پایتەخت. بەرپرسانی لەندەن پێنج کەسیان دەستگیرکردووە.
خان وتی " هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوان بەدرێژای کات کاردەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی شەقامەکانی لەندەن و دانیشتوانەکەی."
وتیشی " توندوتیژی دژی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا بڵاوبۆتەوە، ئەم تاوانی کوشتنە گەورەیی ئەو کێشەیەمان پیشاندەدات کە ڕووبەڕووی بووینەتەوە. نزا دەکەم بۆ ئەو منداڵە بێتاوانە ، بۆ دایکیشی کە بەم شێوە ناخۆشە لەدەستیدا."
سەرۆک وەزیری بەڕێتانیا ڕووبەڕووی ئەو هەواڵانە بۆتەوە کە گوایە بودجەی پۆلیس و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکانی کەمکردۆتەوە، ئەوەش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەو تاوانانەی کە بە چەکی سپی ئەنجام دەدرێن.
داتا فەڕمییەکان لە لەندەن و وێڵز لە ساڵی ڕابردوودا ئاماژە بەوە دەکەن 285 حاڵەتی مردن تۆمارکراوە بەهۆی چەقۆوە، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە تاوەکو ئێستا.
بۆریس جۆنسنی سەرۆکی پێشووی شارەوانی لەندەن و کاندید بۆ جێگرتنەوەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا، بەڵێنیدا ژمارەی ئەندامانی پۆلیس زیاد بکات ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز