Accessibility links

بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی دادی ئەمەریکا داوا لە وەزیری داد دەکەن دەست لەکاربکێشێتەوە


وەزیری دادی ئەمەریکا ویلیام باڕ

زیاتر لە 1000 بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دادی ئەمەریکا داوایان لە وەزیری دادی ئەمەریکا ویلیام باڕ کرد دەست لەکاربکێشێتەوە، ئەمەش بەهۆی چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دادگاییکردنەکەی ڕۆجەر ستۆنی ڕاوێژکاری کۆنی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا.

ئەو بەرپرسانە کە پێشتر لەگەڵ دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیشدا لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا خزمەتیان کردووە ڕەخنەیان لە ویلیام باڕ گرت لەسەر ئەوەی گوێی بە دادوەرەکانی خۆشی نەداوە لە دۆسییەیەکدا کە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ تیایدا تۆمەتبار کرابوو بەوەی فەرمانڕەوایی یاسا بێهێز دەکات.

ڕۆژی سێشەممە وەزیری دادی ئەمەریکا ویلیام باڕ پێشنیارە سەرەتاییەکانی پارێزەرە گشتیەکانی پشتگوێ خست کە تیایدا داوایان کردبوو ڕاوێژکاری سیاسیی کۆمارییەکان ڕۆجەر ستۆن حەوت بۆ نۆ ساڵ زیندانی بکرێت دوای ئەوەی لە مانگی یانزەدا ئاشکرا بوو کە حەوت جار درۆی لەگەڵ کۆنگرێسدا کردووە. باڕ داوای لە پارێزەرە گشتییەکانی کرد واز لە دۆسییەکە بهێنن و دایبخەن.

لە نامەیەکی ئەو بەرپرسانەدا هاتووە کە لەسەر ماڵپەڕی میدیەم بڵاوکراوەتەوە دەڵێن " هەرگیز نەبیستراوە بەرپرسی باڵای وەزارەتی دا پێشنیاری پارێزەرە گشتیەکان پشتگوێ بخات، وەکو چۆن وەزیری داد ویلیام باڕ لە دۆسییەی ڕۆجەر ستۆندا کردی."

دەشڵێن " ڕەفتارەکانی باڕ و ئەو زیانانەی بە وەزارەتی دادی گەیاندوون و شێواندنی ناوبانگ و نەهێشتنی متمانە بە فەرمانڕەوایی یاسا، هەموو ئەمان وادەکەن بەڕێز باڕ دەست لەکاربکێشێتەوە."

سەرۆک ترامپ هەر لە سەرەتاوە ڕەخنەی گرت لەوەی ڕۆجەر ستۆن زیندانی بکرێت و دواتر سەرەڕای پێشنیاری پارێزەرە گشتیەکان تاوەکو دۆسییەکە ببێتە دۆسییەکی فەڕمی، وەزارەتی دادی ئەمەریکا دۆسیەکەی داخست. جێی ئاماژەیە ڕۆجەر ستۆن هاوڕێیەکی کۆنی سەرۆک دانۆڵد ترامپە و تۆمەتبار کردنی ڕۆجەر ستۆن دەگەڕێتەوە بۆ لێکۆڵینەوەکانی لێکۆڵەرەوەی تایبەت ڕابەرت موڵەر سەبارەت بە دەستوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 ی ئەمەریکادا.

وەزیری دادی ئەمەریکا ویلیام باڕ ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەی بی سی وتی ڕەخنەکانی سەرۆک ترامپ لەو کەسانەی کە بەشدارن لە دۆسیەکەی ستۆندا " جێبەجێکردنی کارەکەم لەسەرم زۆر قورستر دەکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG