Accessibility links

دکتۆر فاوچی هۆشیاری دەدات لەسەر دووبارە کردنەوەی ویلایەتەکانی ئەمەریکا


بەڕێوبەری نێوەندی نیشتمانی بۆ نەخۆشییە درمییەکان و بەرپرسی تیمی کۆشکی سپی دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی

دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوبەری نێوەندی نیشتمانی بۆ نەخۆشییە درمییەکان و بەرپرسی تیمی کۆشکی سپی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆشیاریدایە کۆنگرێسی ئەمەریکا لەسەر لابردنی پێشوەختەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی ویلایەتەکان و وتی پێدەچێت ئەو کارە ببێتەهۆی کەوتنەوەی شەپۆلێکی دیکەی پەتا کوشندەکە کە تا ئێستا 80,000 کەسی لە ئەمەریکا کوشتووە و ئابووری وڵاتەکەی هەژاندووە.

دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی بە ئەنجومەنی سیناتی وت لە هەندێک لە ناوچەکانی ئەمەریکا هێشتا ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

دکتۆر فاوچی وتی " پێم وایە بە ئاڕاستە ڕاستەکەدا دەڕۆین، بەڵام ئاڕاستە ڕاستەکە مانای ئەوە نیە کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەم پەتایەمان کردبێت."

هەروەها هانی ویلایەتەکانی ئەمەریکایدا پەیڕەوی ڕێنماییەکانی شارەزایانی بواری تەندروستی بکەن و پێش کردنەوەی ویلایەتەکانیان چاوەڕێی نیشانەکان بکەن، لەوانەش کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هانی ویلایەتەکانی ئەمەریکای داوە دووبارە کارەکانیان و چالاکیە ئابوورییەکانیان دەست پێبکەنەوە. بەڵام سیناتۆرەکان گوێبیستی وەڵامێکی پزیشکیی فاوچی بوون کاتێک دیموکراتەکان پرسیاریان لێکرد سەبارەت بە دەرەنجامی کردنەوەی پێشوەختەی ویلایەتەکان.

فاوچی سەبارەت بە هەنگاوی پێشوەختە وتی " مەترسییەکی ڕاستەقینە هەیە لەوەی کە شەپۆلێکی دیکەی ڤایرۆسەکە دروست ببێتەوە کە نەتوانیت کۆنتڕۆڵی بکەیت، لە ڕاستیدا مەترسی ئەوە هەیە بتگەڕێنێتەوە بۆ دواوە، نەک تەنها لەوەی کە جارێکی دیکە ژمارەیەکی زۆر توش دەبن و گیان لەدەستدەدەن بەڵکو لە هەوڵەکانیشدا بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە دەتگەڕێنێتەوە بۆ دواوە."

لەلای خۆیەوە سیناتۆری کۆمارییەکان ڕاند پۆڵ بە فاوچی وت " لەگەڵ ڕێزم بۆت، بەڵام قسەی کۆتایی لای تۆ نیە، پێم وانیە تەنها کەس بیت کە بڕیار بدەیت."

فاوچی لە وەڵامدا وتی " هەرگێز خۆم نەخستۆتە هەلومەرجێکەوە کە قسەی کۆتایی لای من بێت، من زانام، پزیشکم و بەرپرسێکی تەندروستی گشتیم، بەپێی باشترین بەڵگەکانی زانست ئامۆژگاری دەدەم، ئامۆژگاری نادەم سەبارەت بەو شتانەی پەیوەستن بە ئابوورییەوە، جگە لە تەندروستی گشتی ئامۆژگاری لەسەر هیچ شتێکی دیکە نادەم."

فاوچی ئەوەشی خستەڕوو " هەمووشتێک لەسەر ئەم ڤایرۆسە نازانین، دەبێت زۆر وریا بین، بەتایبەتی کاتێک بابەتەکە پەیوەندیی بە منداڵانەوە هەبێت."

وتیشی " پێم وایە باشترە وریا بین لەوەی ئێمە سوارچاک نین لەوەدا کە پێمان وابێت ئەم ڤایرۆسە منداڵان ناگرێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG