Accessibility links

فاوچی هۆشیاری دەدات لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا


بەرپرسی باڵای ئەمەریکا بۆ نەخۆشیە گواستراوەکان ئەنتۆنی فاوچی هۆشیاریدا لەسەر زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا، بەتایبەتی لەو ناوچانەدا کە خەڵکەکەی ڕەتی دەکەنەوە ڤاکسین وەربگرن لە کاتێکدا جۆری دێڵتای ڤایرۆسەکە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە.

فاوچی لە بەرنامەیەکی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێندا وتی " ئێمە بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەڕۆین، لە سەدا 50 ی وڵاتەکە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە."

وتیشی " ئێمە خۆمان دەخەینە مەترسییەوە."

لە ئەمەریکا حاڵەتەکانی ڕەوانەکردنی توشبووان بۆ نەخۆشخانەکان و حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەچاو زستانی ڕابردوودا ئێجگار کەمبۆتەوە. بەڵام حاڵەتەکانی توشبوونی نوێ بە ڤایرۆسەکە لەو ناوچانەی ئەمەریکادا کە دودڵن لە وەرگرتنی ڤاکسین بەخێرایی زیاد دەبێت، پارێزراوی ڤاکسینەکان و بەرهەڵستیکردنی پێشنیارەکانی حکومەت بۆ وەرگرتنی ڤاکسین هێشتا وەکو هێزێکی بەگوڕ ماونەتەوە.

ڕۆژی شەممە زیاتر لە 51,000 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا تۆمارکرا، هەروەها لەم هەفتانەی دواییدا ڕۆژانە زیاتر لە 250 حاڵەتی گیان لەدەستدان لە وڵاتەکەدا تۆمارکراون.

حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت زیاتر لە 162 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکی بەتەواوەتی ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەوەش دەکاتە لە سەدا 49 ی دانیشتوانی وڵاتەکە و نزیکەی لە سەدا 60 ی هاوڵاتیانی پێگەیشتوو لەو وڵاتەدا.

بەڵام بەپێی ئامارەکان زیاتر لە لە سەدا 80 ی ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە دەڵێن بەدڵنیاییەوە ڤاکسین وەرناگرن و هەندێکیشیان دەڵێن پێناچێت ڤاکسین وەربگرن، گرنگیش نیە بەلایانەوە بەرپرسانی ئەمەریکا چەندێک داوایان لێبکەن ڤاکسین وەربگرن.

پێشتر زۆرێک لە کۆمارییەکان بە وریاییەوە قسەیان لەسەر ڤاکسینەکان دەکرد و دەیانوت وەرگرتنی ڤاکسین بابەتێکی تایبەتییە، بەڵام ئێستا هەندێکیان نائومێدی خۆیان دەدەربڕن سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی ڤاکسین.

فەرمانڕەوای ویلایەتی ئالاباما کەی ئایڤی کۆماریی هەفتەی ڕابردوو سەبارەت بەوانەی ڤاکسینەکانیان وەرنەگرتووە وتی " ئەم خەڵکانە شێوازێکی خراپی ژیان هەڵدەبژێرن."

فەرمانڕەوای کۆمارییەکان لە ویلایەتی ئارکانساس ئاسا هەچینسن هەمیشە هانی وەرگرتنی ڤاکسینی داوە لە ویلایەتەکەی، بەڵام هێشتا یەکێکە لەو ویلایەتانەی ڕێژەیەکی کەم تیایدا ڤاکسینیان وەرگرتووە.

وتی " ئەمانە زەنگی ئاگادارکردنەوەن، بەدڵنیاییەوە بەرهەڵستیکردن دژی وەرگرتنی ڤاکسین سەختتر بووە."

فاوچی وتی ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە " بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جۆری دێڵتاکەشیەوە پارێزراو دەبن."

جێئ ئاماژەیە لە ناوەڕاستی مانگی چوارەوە خێرایی هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسەکە لە ئەمەریکا کەمبۆتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG