Accessibility links

ئەمەریکا: فەیسبووک و مایکرۆسۆفت شکستیان بە هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی کۆریای باکوور هێناوە


بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی هەردوو کۆمپانیای فەیسبووک و مایکرۆسۆفت ژمارەیەک هێرشی ئەلیکترۆنی کۆریای باکووریان شکست پێهێناوە لەکاتێکدا ئەمەریکا لۆمەی پیۆنگیانگی کرد لەسەر ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیانەی کە کۆمەڵێک تۆڕی کۆمپیوتەری نەخۆشخانەکان و بانقەکان و کۆمپانیاکانی دیکەی جیهانی کردۆتە ئامانج.

ڕاوێژکاری ئاسایشی ناوخۆی کۆشکی سپی تۆم بۆسەرت وتی " فەیسبووک کۆمەڵێک هەژماری داخستووە کە ئەوەش بۆتە هۆی وەستاندنی جێبەجێکردنی هێرشە ئەلیکترۆنییە بەردەوامەکان و هەروەها مایکرۆسۆفتیش ڕێوشوێنی گرتۆتە بەر بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بەگشتی نەوەکو تەنها وەنە کڕای."

بۆسەرت وردەکاری ڕێوشوێنەکانی دوو کۆمپانیاکەی باس نەکرد بەڵام وتی حکومەتی ئەمەریکا داوای لە کۆمپانیاکانی دیکە کردووە پێکەوە کار بکەن بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی ئەلیکترۆنی.

ئەم لێدوانانەش لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هات کە تیایدا کۆشکی سپی لۆمەی کۆریای باکووری کرد لەسەر هێرشی ئەلیکترۆنی وەنە کڕای کە سەدان هەزاران کۆمپیوتەری لە زیاتر لە 150 وڵاتدا کردۆتە ئامانج و وتی حکومەتی ئەمەریکا بەڵگەی ڕوون و ئاشکرای هەیە لەسەر ئەوەی ئەو هێرشانە کاری کۆریای باکوورن، بەڵام باسی لە بەڵگەکان نەکرد.

وتەبێژی فەیسبووک وتی کۆمپانیاکە هەفتەی ڕابردوو هەندێک هەژماری سڕیوەتەوە کە پەیوەندییان هەبووە بە هاککەرە ئەلیکترۆنیەکانی کۆریای باکوورەوە کە بە لازارۆس گروپ ناسراون، بۆ ئەوەی چالاکییەکانیان زیاتر قورس بکەن.

وتیشی هەژمارەکان زۆربەیان کەسانی ساختە بوون و تەنها بۆ ئەوە دانرابوون تاوەکوو پەیوەندیی دروست بکەن لەگەڵ ئامانجەکاندا.

فەیسبووک وتیشی ئەو کەسانەشی بلۆک کردووە کە پەیوەندییان هەبووە بەو هەژمارانەوە.

سەرۆکی مایکرۆسۆفت براد سمیث وتی هەفتەی ڕابردوو کۆمپانیاکە بەرنامەیەکی زیانبەخشی لەکارخستووە کە لازارۆس گروپ بەکاریان هێناوە و هەروەها کۆمپیوتەری ئەو خەڵکانەشی لەم بەرنامەیە پاک کردۆتەوە کە بەکاریان هێناوە و ئەو هەژمارانەشی سڕیوەتەوە کە بەکارهێنراون بۆ هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG