Accessibility links

نوسینەکانی بیرمەندێکی ئەمریکی دەبنە چوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵی ڕۆژئاوا


نوسینی: سیروان قجۆ

دەکرێت نوسینەکانی بیرمەندێکی چەپی ئەمریکی کە کەم کەس ناوی بیستووە ببنە بناغەی سیستەمی کیانێکی سیاسی نوێ لە سوریا؟ بێ بێ دودڵی وەڵامی ئەم پرسیارە 'بەڵێ' دەبێت کاتێک باسی سیستەمی دیموکراسی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت.

دەیان ساڵە نوسەری ئەمریکی چەپک ناسراو بە مورەی بوکچین کاریگەری بەهێزی دروستکردووە لەسەرکوردانی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە سیستەمی بەڕێوبردنی دیموکراسی ڕاستەوخۆ کۆمەڵگە.

هەرچەندە مورەی بوکچین لە وڵاتی ئەمریکا کەمتر ناسراوە، بەڵام لای کوردانی ڕۆژئاوا گرنگیەکی تایبەتی هەیە و دوای مردنی لە ساڵی 2006 بەردەوام ساڵانە یادی دەکرێتەوە.

نوسینەکانی بوکچین تایبەت بە کۆمەڵگای سۆسیالیست و بەڕێوەبردنی دیموکراسی ئێستا لە قوتابخانەکانی ڕۆژئاوا دەخوێندرێن و سەرچاوەی بەهێزی فیکرین بۆ جۆشدانی شەرڤانانی نێوهێزەکانی یەپەگە.

بوکچین دانیشتوی ویلایەتی ڤێرمۆنت بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەو نوسەرە سۆزێکی بەتینی هەبوو بۆ پرسی گەلی کورد و ئەو نەهامەتیانەی بەدرێژایی چەندین ساڵ کوردستان ڕووبەڕوی بۆتەوە لەژێر هێزی دەستەڵاتە چەوسێنەرەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دێبی بوکچین، کچی مورەی بوکچین، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند کە باوکی لەساڵی 1991 یاداشتێکی نوسیوە کە تێیدا باسی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی کورد دەکات.

دێبی بوکچین بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "باوکم زۆر نیگەران بوو کاتێک دەیبینی کورد چۆن بەردەوام دەچەوسێندرایەوە و ناپاکی لەگەڵ دەکرا."

مورەی بوکچین لەساڵی 1921 لە شاری نیویۆڕک لەدایک بووە. ئەو لە بنەماڵەیەیکی جولەکە یە و دایک و باوکی لە وڵاتی ڕووسیا وە کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا. ڕووداوەکانی قەیرانی ئابووری ئەمریکا لەساڵانی پێش جەنگی جیهانی دووەم کاریگەری گەورەیان لەسەر بیرکردنەوەی دروستکردووە بەشێوەیەک زۆربەی کاتەکانی ژیانی بۆ ڕێبازە چەپڕەوەکان تەرخانکردووە. ئەو لەساڵی 1930 پەیوەندی بە ڕێکخراوی گەنجانی کۆمیونست لە نیویۆرک کردووە لەژێر کاریگەری نوسینەکانی کارڵ مارکس و ڤلادیمێر لینین.

جانێت بهێڵ خۆشەویستەکەی بوکچین بەدەنگی ئەمریکای گووت کە بوکچین زۆر کاریگەر بووە بە داپیرەی کە لە شوڕشی سۆسیالیستەکانی ڕووسیا ئەندامێکی چالاک بووە.

دیموکراسی ڕاستەوخۆ

جانێت بهێڵ دەڵێت، "بوکچین پێیوابوو کە پێویستە هاوڵاتیان لە کۆمەڵگادا بەشداری ڕاستەوخۆ بکەن لە بەڕێوەبردن و پرۆسەی دیموکراسی دا بە هەمان شێوەی سەردەمانی ئەسینا."

لەساڵی 2004 بوکچین پەیوەندی بە عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕابەری پارتی کرێکارانی کوردستان کرد لە کاتێکدا ئۆجەلان لە زیندان بوو. ئۆجەلان لە زیندان دا پەڕتوکەکانی بوکچینی خوێندبوەوە و زۆر کاریگەر بوو بە تێڕوانینەکانی ئەم نوسەرە ئەمریکییە. ئەم کاریگەریە لە ئانجامدا وای لە ئۆجەلان کرد بەشێکی زۆری بۆچوناکانی بوکچین بخاتە ناو ئایدیۆلۆژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

دوای شەڕی ناوخۆی سوریا کاتێک ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کەوتنە ژێر دەستەڵاتی هێزەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، سیستەمی خۆبەڕێوبەری فیدڕاڵی دیموکراتی ڕاگەیندرا لەساڵی 2015. بەهۆی نزیکی تێڕوانینی پەکەکە و پەیەدە، ئەم سیستەمەی ڕۆژئاوا بەشێوەیەکی ورد لەسەر بنچینەی بیر و تێزەکانی بوکچین بنیادنراوە.

لەم سیستەمە فیدڕاڵیەی ڕۆژئاوا لەچوارچێوەی دەستورێکدا دەستەڵاتەکانی حکومەتی ناوەندی کەم دەکاتەوە و هێزی دەستەڵات دەگوازێتەوە بۆ هەرێمەکان و هاوڵاتیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ.

یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان

لەژێر کاریگەری بوکچین، یەپەگە بەهەمان شێوە بەشێوەیەکی بەردەوام جەخت دەکاتەوە لەسەر یەکسانی نێوان ژن و پیاو. ئەم کاریگەریە ڕاستەوخۆ لەنێو ڕیزی چەکدارە شەڕفانەکان ڕەنگی داوەتەوە بەشێوەیەک چەندین یەکەی سەربازی ژن ڕێکخراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرووپەکانی تر.

دێبی بوکچین، کچی مورەی بوکچین، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "باوکم زۆر سەربەرز دەبوو گەر بینیبای چۆن تێڕوانینەکانی ئێستا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێن. ئەم سیستەمە خۆ بەڕێوبەریەی کورد دەکرێت ببێتە بنچینە بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژنان لە تەواوی ناوچەکە و بڵاوکردنەوەی کلتوری ئازادی ڕادەربڕین."

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێ لە شارەزایان پێیان وایە بۆچونەکانی بوکچین هێشتا بەشێوەیەکی ئەوتۆ لە سیستەمەکەی کوردانی ڕۆژئاوا ڕەنگیان نەداوەتەوە.

بەگوێرەی چاودێری سیاسی هۆشەنگ ئۆسێ، "بۆ جیهانی دەرەوە ئەزمونی بەڕێوەبردن و سیستەمی دیموکراسی کوردانی سوریا زۆر سەرنج ڕاکێشن. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا، ئەم سیستەمە لە ناوخۆدا چەندین کێشەی هەیە کە بەم خێراییە چارەسەر نابن."

XS
SM
MD
LG