Accessibility links

سوید لە نێو ناڕەزایەتییەکانی دژ بە شەڕدا خۆی بۆ کێبڕکێی کۆتایی یۆرۆڤیژن ئامادە دەکات


شاری مالمۆی سوید دەستیکرد بە ئامادەکارییەکان بۆ کۆتایی کێبڕکێی گۆرانی یۆرۆڤیژن لە کاتێکدا کە خۆشییەکان لەگەڵ مەترسییەکانی سەر ئاسایش و خۆپیشاندانە سیاسییەکاندا تێکەڵ بووە.

شەست و هەشتهەمین کێبڕکێی گۆرانی یۆرۆڤیژن کە هەمیشە بۆنەیەک بووە کە پەیوەندی بە سیاسەتەوە نەبووە، لە نێوەندی هەڵمەتە سەربازییە ڕووخێنەرەکەی ئیسڕائیلدا لە غەززە بەڕێوەدەچێت، کە بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل دروستبوو.

کێبڕکێکە کەوتووەتە نێوەندی گۆڕەپانی ململانێ سیاسییەکانەوە، لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانەکان لە ئۆنلاین و لەسەر شەقامەکانی مالمۆش بەڕێوەدەچن، داوا دەکەن ئیسڕائیل لە کێبڕکێکە دەربکرێت.

گۆرانیبێژی ئیسڕائیلی ئیدەن گۆلانی تەمەن 20 ساڵ و گۆرانییەکەی بە ناوی "Hurricane"، هەڵبژێردراوە بۆ کۆتایی.

لیستی گۆرانییە خوازراوەکان بۆ کۆتایی کێبڕکێی یۆرۆڤیژن گۆرانییەکەی ڕاپەری سویسری نیمۆی تەمەن 24 ساڵ " The Code " یش دەگرێتەوە. هەریەک لە وڵاتانی فەڕەنسا و هۆڵەندا و ئیتاڵیا و ئۆکرانیا و ئێرلەنداش بەشدارن.

گەورەترین بۆنەی میوزیکی ڕاستەوخۆی جیهان، کێبڕکێی گۆرانی یۆرۆڤیژن، دەوترێت نزیکەی 100,000 میوانی بۆ مالمۆ ڕاکێشا بێت، کە سێیەم گەورەترین شاری سویدە، هاوکات ملیۆنان کەسی دیکە لە ئەوروپا و دەرەوەش گوێبیستی پۆدکاستەکانی دەبن.

ڕێکخەرانی یۆرۆڤیژن ڕەتییان کردووە ئیسڕائیل دەربکەن لە کێبڕکێکە، دەڵێن کێبڕکێکە سیاسیی نیە، بەڵام داوایان لە ئیسڕائیل کردووە سەرەتای هۆنراوەی گۆرانییەکە بگۆڕێت کە سەرەتا بە ناونیشانی " بارانی ئۆکتۆبەرەوە " بووە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل.

هۆنراوەکە گۆڕانکاری تێدا کرا، ئەوەش وایکرد ڕێگە بدرێت ئیسڕائیل بەشدار بێت.

لە ناوەڕاستی مالمۆ، زیاتر لە 10,000 لایەنگری فەلەستینییەکان بە گرێتا ثەنبێرگی چالاکەوانی ژینگەشەوە، خۆپیشاندانێکی ئاشتییانەیان پێش کێبڕکێکانی پێش کۆتایی کێبڕکێکە ئەنجامدا و ئاڵای فەلەستینییەکانییان بەرزکردەوە و هاوارییان دەکرد " ئیسڕائیل بایکۆت بکەن."

گروپێکی بچووکتری لایەنگرانی ئیسڕائیلییەکان، کە ئەندامانی کۆمەڵگەی جووەکانی مالمۆشییان تێدا بوو، خۆپیشاندانێکی ئاشتییانەیان لە شارەکەدا ڕێکخست، بەرگرییان لە گۆلان و مافی گۆرانیبێژەکە کرد بۆ بەشداریکردن لە کێبڕکێکەدا.

بڕیارە خۆپیشاندانی زیاتر لە ڕۆژی شەممەدا بەڕێوەبچن، پێشبینیش دەکرێت هەزاران کەس بەشدار بن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG