Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا داوای گەڕانەوە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی سوریا دەکەن


نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی میستۆرا لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی میستۆرا لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی

یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی سیاسیی خێرایان کرد بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی سوریا و وتیان ئەو دەستکەوتانەی دیمەشق و هاوپەیمانەکانی لەسەر خاکی سوریا لەمدواییانەدا بەدەستیان هێناون وڵاتەکەیان لە ئاشتی نزیک نەکردۆتەوە .

جێی ئاماژەیە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و هەریەک لە مۆسکۆ و تارانی هاوپەیمانی دەستیان کردووە بە هێرشی سەربازیی بۆ ئەو ناوچە کەمانەی کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا ماون لەنزیک دیمەشق.

ئەو هەوڵانەی دەدران بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی سوریا لەڕێی دانوستانەکانەوە وەستان، دوای ئەوەی لە ماوەی حەوت ساڵی جەنگدا نزیکەی نیو ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند ملیۆنێکی دیکە بێ ماڵ و حال بوون.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی مستۆرا وتی " ئەوەی دەیبینین لەم ڕۆژ و هەفتانەی دواییدا ئەوەیە کە دەستکەوتە سەربازییەکان و دەستکەوتەکان لەسەر خاکەکە و زیادبوونی هێرشە سەربازییەکان هیچ گۆڕانکارییەکی دروست نەکردووە، ئەوەی ڕوویداوە پێچەوانەی چارەسەرە."

ئەم لێدوانانەشی لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا بوو لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی لە بڕۆکسل.

موگیرینی وتی " پێویستیەک هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەرکی سیاسیی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئاشتییە ڕاستەقینەکان کە تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکە هەستێتەوە."

دیمەشق و ڕوسیا و ئێران لەدژی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دەجەنگێن کە ئەوانیش هەوڵدەدەن ئەسەد لەکار لاببەن، لەلایەکی دیکەشەوە تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە وڵاتەکەدا ئەرکی سەربازیی ئەنجام دەدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG