Accessibility links

ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ سەرۆکی تورکیادا کۆدەبنەوە


یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی لوتکە ساز دەکات لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا لە کاتێکدا کە گرژییەکی زۆر هەیە لەنێوانیاندا، لە کۆبوونەوەکەدا واچاوەڕوان دەکرێت یەکێتی ئەوروپا پارەی زیاتر بدات بە تورکیا بۆ درێژکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنەی هەیانە لەنێوانیاندا سەبارەت بە پەنابەرانی سوریا و یەکێتییەکە هەوڵیش دەدات خۆی بەدوور بگرێت لە داواکانی تورکیا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان.

بەهۆی ڕەخنەکانی یەکێتی ئەوروپا لە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بەوەی کە هەوڵی سیستمێکی دیکتاتۆری دەدات و دەستی وەرداوەتە جەنگی ناوخۆی سوریاوە، برۆکسل دوودڵ بوو لە ڕازیبوون بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.

بەڵام بولگاریا کە میوانداری کۆبوونەوەکە دەکات وتی ئەوە هەلێکی دەگمەنە تاوەکو لەگەڵ ئەو وڵاتەدا کۆببینەوە کە هێشتا کاندیدە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێکە دانوستانەکان بۆ هاتنە ناوەوەی تورکیا بۆ یەکێتییەکە وەستاوە.

سەرۆکی نوێنەرانی ئەوروپا ژان کلود یۆنکەر وتی " هەستێکی تێکەڵم هەیە سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ڤارنا چونکە جیاوازیی لە ڕاکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا زۆر زۆرە." یۆنکەر و سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دۆناڵد تۆسک نوێنەرایەتی یەکێتییەکە دەکەن لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ تورکیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG