Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا پلانەکانی تورکیا بۆ ڕەوانەکردنی سەرباز بۆ لیبیا ڕەت دەکاتەوە


جۆسێپ بۆڕێل
جۆسێپ بۆڕێل

بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و وەزیرانی دەرەوەی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا سەرکۆنەی پلانەکانی تورکیایان کرد بۆ ڕەوانەکردنی شارەزا و ڕاهێنەرانی سەربازی بۆ لیبیا، ئاماژەیان بەوەدا دەستوەردانی دەرەکی ناسەقامگیری لەو وڵاتەدا زیاتر دەکات.

دوای دواخستنی سەردانەکەیان بۆ لیبیا بەهۆی هۆکاری ئەمنیەوە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیەکە خۆسیب بۆڕێلدا لە بڕۆکسل کۆبوونەوە و داوای ئاگربەستیان لە لیبیا کرد، لەکاتێکدا حکومەتی لیبیا هەوڵدەدات بەرپەرچی هێرشەکان بداتەوە بۆ سەر تەڕابلسی پایتەخت.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بۆڕێل لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان " بەردەوامبوونی دەستوەردانی دەرەکی قەیرانەکان زیاتر دەکات."

بۆڕێل لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی " ڕوون و ئاشکرایە ئەم قسەیە بۆ بڕیارەکەی تورکیایە کە تیایدا بەنیازن هێز ڕەوانەی لیبیا بکەن و ئێمەش ئەوە ڕەت دەکەینەوە."

وابڕیاربوو گفتوگۆکانی یەکێتی ئەوروپا لە لیبیا بەڕێوەبچێت بەڵام بەپێی دوو سەرچاوەی دیبلۆماتی لە یەکێتی ئەوروپاوە حکومەتی لیبیا داوای کردووە دوابخرێت.

تورکیا پشتیوانی لە حکومەتی نیشتیمانی لیبیا دەکات لە تەڕابلس لەکاتێکدا ڕوسیا و چەند وڵاتێکی دیکە پشتیوانی لە سەرکردەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا ( سوپای نیشتیمانی لیبیا ) خەلیفە حەفتەر دەکەن کە هێزەکانی دەستیان گرتووە بەسەر زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکەدا، لەوانەش بەنغازی کە دووەم گەورەترین شاری لیبیایە. هێزەکانی حەفتەر دووبارە دەستیان کردۆتەوە بە هێرشکردنە سەر تەڕابلسی پایتەخت بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG