Accessibility links

کاربەدەستێکی ئەوروپا: گەڕاندنەوەی کارکردن بە سزای لەسێدارەدان لە تورکیا بەزاندنی هێڵی سوورە


سەرۆک کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت تورکیا هێڵی سوور دەبەزێنێت ئەگەر کارکردن بە سزای لە سێدارەدان بۆ وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە.

ژان کلود یونکەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بیلدی ئەڵمانی وتیشی ئەگەر تورکیا ئەو کارە بکات ئەوا دەبێتە مایەی کۆتایی هێنان بە دانوستاندنەکان بۆ هەوڵی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا.

بەڵام وتیشی ئەو لەگەڵ ئەوەدا نییە بە تەواوی کۆتایی بە دانوستاندنەکان بهێنرێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕۆژی شەممە وتی لە دوای ڕیفراندۆمەکەی مانگی چوار بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی تورکیا، پێشبینی دەکات پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر گەڕاندنەوەی کارکردن بە سزای لەسێدارەدان.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن ئەمە داوای خەڵکی وڵاتەکەیانە بۆ سزادانی ئەوانەی لە پشت هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووبوون.

تورکیا لە ساڵی 2004 وە سزای لەسێدارەدانی لابردووە و یەکێتی ئەوروپا جەندین جار ڕایگەیاندووە ئەگەر تورکیا جارێکی تر کار بەو سزایە بکاتەوە ئەوا هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپا دووچاری گرفت دەبن.

ئەم نیازەی حکومەتی تورکیا لە کاتێکدا پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا گرژییان تێکەوتووە. هەروەها سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا هەڕەشەی کرد مانگانە 15 هەزار پەنابەر بۆ ئەوروپا ڕەوانەبکات.

سەرچاو / فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG