Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا دەڵێت پێویستی بە بەڵگەی بەهێزە بۆ ئەوەی تۆڕەکەی گولەن وەکوو تیرۆریست لە قەڵەم بدات


گەیڵ دو کیرشۆڤی ڕێکخەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە یەکێتی ئەوروپا وتی یەکێتییەکە هاوڕا نیە لەگەڵ تورکیادا سەبارەت بەوەی تۆڕەکەی کەسایەتی ئایینی فەتحوڵا گولەن ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بێت و یەکێتی ئەوروپا پێویستی بە بینینی بەڵگەیەکی بەهێزە تا بتوانێت هەڵوێستەکەی بگۆڕێت.

ئەم لێدوانانەی کیرشۆڤ ئەنقەرە توڕە دەکات کە گولەن تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ڕابردووی تورکیا کە تیایدا زیاتر لە 250 کەس کوژران. لەلای خۆشیەوە گولەن ئەم تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە و سەرکۆنەی هەوڵی کودەتاکە دەکات.

کیرشۆڤ لە ئاماژەیەکدا بۆ تۆڕەکەی گولەن بە بەکارهێنانی ناوە کورتکراوەکەی کە حکومەتی تورکیا بەکاری دەهێنێت وتی " ئەوەی پەیوەندیی بە " فیتۆ " وە هەبێت ئێمە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانین و پێم وانیە یەکێتی ئەوروپا بەمزووانە هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت."

لە چاوپێکەوتنێکیشیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز کیرشۆڤ وتی " ئێمە تەنها بەڵگەیەکی ناڕاستەوخۆمان ناوێت، بەڵکو بەڵگەیەکی بەرجەستەی بەهێزمان دەوێت کە ئەواان تێوەبگلێنێت."

لەدوای کودەتاکەی ساڵی ڕابردووەوە تورکیا 50 هەزار کەسی دەستگیرکردووە و لەنێویاندا مامۆستا و ئەفسەری پۆلیس و ڕۆژنامەنووس و فەرمانبەرانی کونسوڵخانەکانی ئەمەریکای دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان بە گولەنەوە هەبووە، هەروەها 150 هەزار کەسیشی لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی لە کارەکانیان دوورخستۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG