Accessibility links

ڤۆن دەر لین: یەکێتی ئەوروپا هەرگیز بە چارەسەری دوو دەوڵەت لە قوبرس ڕازی نابێت


سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دەر لین

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دەر لین وتی یەکێتی ئەوروپا " هەرگیز بە چارەسەر دوو دەوڵەت ڕازی نابێت لە قوبرس " کە تورکیا داوای دەکات و وەکو مەرجێک دایناوە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ڤۆن دەر لین وتی " دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە ئێمە هەرگیز چارەسەری دوو دەوڵەت قبوڵ ناکەین، بە هیچ شێوەیەک. ئیمە سوورین لەسەر ئەوە و یەک هەڵوێستمان هەیە. قوبرس دەتوانێت چاوەڕێی ئەوە بکات لێمان."

ڤۆن دەر لین لە پاڵ سەرۆکی قوبرس نیکۆس ئاناستاسیادسدا وتی " ئەوەی بەهاترین شتە لە یەکێتی ئەوروپادا یەکگرتووییە، هەروەها درک کردنە بەوەی سەرجەم 26 وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتیەکە لە پاڵ ئێوەدا دەوەستن."

قوبرس لە ساڵی 1974 ەوە دابەش بووە، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای تورکیا وەکو وەڵامێک بۆ قوبرس کە دەیویست بچێتە سەر یۆنان سێیەکی باکووری ئەو وڵاتەی داگیرکرد.

لە ساڵی 1983 دا باکووری قوبرس کە تورکیا داگیریکردووە سەربەخۆیی ڕاگەیاند و تەنها تورکیا دانی پێداناوە، لە ساڵی 2004 یشدا قوبرس چووە پاڵ یەکێتی ئەوروپاوە.

لە مانگی چواردا کۆبوونەوەیەکی نێوان ڕابەرە یۆنانی و تورکەکانی قوبرس بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان شکستی هێنا. دانوستانەکان لە ساڵی 2017 ەوە ڕاگیراون.

جێی ئاماژەیە هێشتا قوبرس خاڵێکی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیایە، ڕابەرە تورکەکانی قوبرس هەوڵی چارەسەری دوو دەوڵەت دەدەن و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان پشتیوانیان لێدەکات، ئەمەش بووە هۆی لەناوبردنی هەوڵەکانی مانگی چواری نەتەوە یەکگرتووەکان.

نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی نێوەندگری دەدات لە دورگەکەدا و چەند دەیەیەک هێزەکانی ئاشتی پارێزی لە دوورگەکەدا جێگیرکردووە.

یۆنانیەکانی قوبرس دەڵێن ئەوە سووربوونی تورکیایە لەوەی قوبرس ببێتە دوو دەوڵەتی جیا، لەکاتێکدا کۆماری قوبرس لە باشوور دەیەوێت لەسەر بنەمای نموونەی فیدڕاڵی سەرانسەری دوورگەکە یەکبخاتەوە.

ڤۆن دەر لین وتی کۆبوونەوەکەی ئەمدواییانەی ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا " پەیامێکی زۆر ڕوونی " بە ئەردۆگان ڕاگەیاند.

جەختیشی لەوە کردەوە " دەمەوێت دراوسێکانمان ( تورکیا ) بزانن ئەگەر قسە لەگەڵ وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیەکە بکەن، بۆ نموونە قوبرس، قسەکردنەکە بە هەر شێوازێک بێت، ئەوا قسە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا دەکەن."

وتیشی " ئێمە سەبارەت بەوە هەڵوێستمان یەکە، لەپاڵتاندا دەوەستین، لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەشمدا لەگەڵ سەرۆک ئەردۆگان ئەوەم ڕوون کردۆتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG