Accessibility links

ڕابەرانی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدەن سەبارەت بە کۆچ


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلامێرکڵ داوای لە ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا کرد ڕێگە بگرن لەو کەسانەی کە داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن بە سەرتاسەری یەکێتی ئەوروپادا بە ئازادی بسوڕێنەوە، ئەمەش لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە سەبارەت بە قەیرانی کۆچبەران.

ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەیاندا لە بڕۆکلس هەوڵدەدەن ناکۆکییە قوڵەکانی نێوانیان تێپەڕێنن سەبارەت بە کۆچ کە چەند ساڵێکە بۆتە هۆی دروستبوونی کێشە لە ناو یەکێتی ئەوروپادا.

مێرکڵ وتی " گفتوگۆکانی ئەمڕۆ بەشێکی زۆریان لەسەر پاراستنی سنووری دەرەوە و چۆنێتی سنووردانان دەبێت بۆ کۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا."

جێی ئاماژەیە لە چاو ساڵی 2015 دا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەریای ناوەڕاستەوە دێن ڕێژەیەکی زۆر کەم کەمیکردووە، لە ساڵی 2015 دا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس گەیشتنە ئەوروپا، بەڵام دەرکەوتووە کە کێشەی کۆچبەران سەرچاوەی یەکەمی نیگەرانییەکانی هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپایە کە ژمارەیان دەگاتە 500 ملیۆن.

ئیتاڵیاش ماوەیەکی زۆرە ڕووبەڕووی قورسایی بۆتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەراندا و حکومەتە نوێیەکەی وتی ڕەتی دەکاتەوە ژمارەیەکی زۆرتر کۆچبەر وەربگرێت.

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جۆزێپی کۆنتی کاتێک گەیشتە بڕۆکسل وتی " دەمانەوێت ئەو کێشەیە لە ڕیشەوە چارەسەر بکەین. ڕای گشتی ئێمە داوای ئەوە دەکەن."

سەرژمێرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن کە تا ئێستا لەمساڵدا 41 هەزار پەنابەر و کۆچبەر لەڕێی دەریاوە چوونەتە ئەوروپا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG