Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات گازی زیاتر لە نایجیریاوە هاوردە بکات


جێگری بەڕێوبەری گشتی بەشی وزەی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ماثیو باڵدوین دەڵێت یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات گازی زیاتر لە نایجیریاوە هاوردە بکات، لەکاتێکدا یەکێتیەکە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەکردنی گاز لەلایەن ڕووسیاوە بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە.

باڵدوین لەم هەفتەیەدا سەردانی نایجیریای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا کۆبۆوە. نایجیریا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە لە ئەفریقادا.

باڵدوین لە نایجیریا پێی وتراوە کە نایجیریا ئاسایشی نایجەر دێڵتا باشتر دەکات و پلانی هەیە لە دوای مانگی هەشتەوە دووبارە هێڵی بۆری ترانس نایجەر بکاتەوە کە لەو ڕێیەوە دەتوانرێت گازی زیاتر ڕەوانەی ئەوروپا بکرێت.

باڵدوین لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە ڕۆیتەرزی وت، یەکێتی ئەوروپا لە سەدا 14 ی گازی سروشتی شلکراو لە نایجیریاوە هاوردە دەکات و ئەگەری هەیە ئەو ڕێژەیە ببێتە دوو هێندە.

بەهۆی دزی و تێکدانی بۆرییەکانەوە بەربەست لەبەردەم بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە نایجیریا دروست بووە، ئەمەش کۆمپانیای بەرهەمهێنانی گازی سروشتی شلکراوەی ئێڵ تی دی لە دوورگەی بۆنی ناچار کردووە تەنها بە لە سەدا 60 ی تواناکانی کاربکات.

باڵدوین وتی " ئەگەر بتوانین ئەو توانایە لەم کاتەدا بگەیەنینە لە سەدا 80، ئەوا ڕەنگە گازی سروشتی شلکراوی دیکە بەردەست ببێت و ڕەوانەی ئەوروپا بکرێت."

وتی " بەرپرسانی نایجیریا پێیان وتین لە کۆتایی مانگی هەشتدا وەرن و دووبارە قسەمان لەگەڵدا بکەنەوە، چونکە پێمان وایە دەتوانین بەرەوپێشچوونێکی ڕاستەقینە لەم بابەتەدا بکەین."

خاوەنی گازی سروشتی شلکراوەی نایجیریا کۆمپانیای ئێن ئێن پی سی ئێڵ تی دی سەر بە دەوڵەت و کۆمپانیای شێڵ و تۆتاڵ ئینێرجیز و ئینین.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا وتی وڵاتانی یەکێتییەکە دەبێت لە مانگی هەشتەوە تاوەکو مانگی سێی ساڵی داهاتوو بۆ لەسەدا 15 بەکارهێنانی گازی سروشتی کەم بکەنەوە. سەرەتا پێشنیارەکە خۆبەخشانە دەبێت، بەڵام ئەگەر کۆمسیۆن باری نائاسایی ڕابگەیەنێت ئەوا دەبێت بە فەرمان و وڵاتانی یەکێتییەکە دەبێت بە ناچاری جێبەجێی بکەن.

باڵدوین وتی ساڵی ڕابردوو نایجیریا 23 ملیار مەتر چوارگۆشەی لە گاز بۆ یەکێتی ئەوروپا هەناردە کردووە، بەڵام ساڵانە ئەو ژمارەیە کەم دەبێتەوە. لە ساڵی 2018 دا یەکێتیەکە 36 ملیار مەتر چوارگۆشەی لە گاز لە نایجیریا کڕیوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG