Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا پلانەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەت دەکاتەوە


جۆسێپ بۆڕێل

یەکێتی ئەوروپا بەشێکی لە پلانی نوێی ئاشتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەت کردەوە و وتی " پلانەکە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا یەک ناگرێتەوە،" هەروەها ئاماژەی بەوەدا لەخۆگرتنی هەر خاکێکی فەڵەستین لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ململانێکان بمێننەوە.

پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ ئاشتی لە نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیلدا کە هەفتەی ڕابردوو ڕاگەیەندرا ڕاشکاوانە لەلایەن فەڵەستینیەکانەوە ڕەت کرایەوە، پلانەکە زۆرێک لەو خاکانە دەداتە ئیسڕائیل کە لە مێژە فەڵەستینیەکان هەوڵی بۆ دەدەن، بەو خاکانەی فەڵەستینیشەوە کە نیشتەجێیە ئیسڕائیلیەکانی لەسەر دامەزراوە.

هەفتەی ڕابردوو یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند پێویستی بەوەیە پلانەکەی سەرۆک ترامپ تاوتوێ بکات پێش ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات.

یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە لەڕێی وەزیری دەرەوەی یەکێتیەکە جۆسێپ بۆڕێلەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بابەتەکە ئاشکرا کرد.

بۆڕێل لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت " بۆ بەدیهێنانی ئاشتیەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی پێویستە ئەو کێشانەی کە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە لەڕێی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی هەردوو لایەنەکانەوە بێت، لەنێو ئەو کێشانەدا کە هێشتا چارەسەر نەکراون سنووری دەوڵەتی فەڵەستینی و دیاریکردنی پێگەی کۆتایی ئۆرشەلیمە."

بۆڕێل وتیشی " دەستپێشخەرییەکەی ئەمەریکا کە لە 28ی مانگی یەکدا ڕاگەیەندرا، لەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەوە دوورە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە دانی پێدانراوە." وتیشی " ناکرێت ئەو پلانە جێبەجێ بکرێت، ئەگەر جێبەجێش بکرێت ئەوا بەبێ ململانێ تێپەڕ نابێت."

لەلای خۆیەوە ئیسڕائیل بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی بۆڕێلی دایەوە کە لە مانگی دوانزەدا پۆستی وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای وەرگرت.وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل لیور هیات لە تویتەر نوسیویەتی " ڕاستیی ئەوەی نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێل زمانێکی هەڕەشەی بەرامبەر ئیسڕائیل بەکارهێنا و ئەوەش دوای ماوەیەکی کەم لە وەرگرتنی پۆستەکەی و چەند کاتژمێرێکیش دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا کۆبۆوە، شتێکی نامۆیە و بەداخەوەین بۆ ئەوە."

وتیشی " پەیڕەویکردنی ئەم جۆرە ڕەفتار و سیاسەتانە باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵی یەکێتی ئەوروپا لە هەر پڕۆسەیەکدا بێت کەمبکرێتەوە."

سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وریاییەوە دەکرێت چونکە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکە جیاوازن لە پلەی هاوسۆزییان بۆ فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل.

هەندێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دانیانناوە بە دەوڵەتی فەڵەستیندا سەرەڕای ئەوەی یەکێتیەکە بە گشتی دەڵێت دەبێت ئەم بابەتە لەڕێی دانوستانەکانی ئاشتیەوە یەکلایی بکرێتەوە.

یەکێتی ئەوروپا سەرکۆنەی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپی کرد لە ساڵی 2017 دا کە تیایدا ئۆرشەلیمی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ڕاگەیاند و وتی واشنتن دوورکەوتەوە لەو ڕۆڵەی کە هەیبوو ئەویش نێوەندگیری ئاشتی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل بوو.

سەرچاوە/ ڕتۆیتەرز

XS
SM
MD
LG