Accessibility links

پەرلەمانی ئەوروپا: لوکاشینکۆ نابێت چیتر وەکو سەرۆکی بێلاڕوس بناسێنرێت


پەرلەمانی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت لە دوای مانگی یانزەوە کاتێک ماوەی دەسەڵاتەکەی بەسەردەچێت، چیتر نابێت ئالیکساندەر لوکاشینکۆ وەکو سەرۆکی بێلاڕوس بناسێنرێت. هەروەها داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد سزای بەسەردا بسەپێنن.

پەرلەمانی ئەوروپا دەنگدانێکیان ئەنجامدا و تیایدا 574 ئەندام لەبەرژەوەندی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بێلاڕوس دەنگیاندا بەرامبەر تەنها 37 دەنگ و 82 ئەندامیش دەنگیان نەدا. بەمەش پەرلەمانی ئەوروپا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرە دیموکراتخوازەکانی بێلاڕوس دەرخست.

لە 9 ی مانگی هەشتدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بێلاڕوس بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا ئالیکساندەر لوکاشینکۆ دووبارە وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە و ڕۆژئاوا دەڵێن هەڵبژاردنەکان ساختەکاری تێدا کراوە و نەدەبوو لوکاشینکۆ دووبارە سەربکەوێتەوە کە ماوەی 26 ساڵە سەرۆکی ئەو وڵاتەیە.

ئەم دەنگدانەی پەرلەمانی ئەوروپا کاریگەری دەبێت لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ حکومەتەکەی بێلاڕوسدا و هەروەها پێدانی یارمەتی دارایی بەو وڵاتە.

پەرلەمانی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا وتی " کاتێک دەسەڵاتەکەی ئالیکساندەر لوکاشینکۆ لە 5 ی مانگی یانزەدا تەواو دەبێت، پەرلەمانی ئەوروپا چیتر وەکو سەرۆکی بێلاڕوس سەیری ناکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG