Accessibility links

ئەوروپا هەوڵدەدات سنوورێک دابنێت بۆ زیانەکانی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر سوریا


هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سوریا توڕەبوونێکی یەکجار گەورەی لێکەوتەوە لەلایەن ئەوروپیەکانەوە و ترسی ئەوەیان هەیە ئەو هێرشە ببێتە هۆی دروستبوونی گروپێکی توندڕەوی نوێ.

هێزەکانی تورکیا و ئەو گروپە چەکدارییانەی سوریا کە ئەنقەرە پشتیوانیان لێدەکات بەردەوامن لە هێرشەکانیان و ئەوەش بەرەیەکی نوێی شەڕی ناوخۆی سوریای لێکەوتەوە و هەروەها ئەوەشی دەرخست کە ئەوروپا ناتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر ئاڕاستەی ململانێکانی سوریا.

دیبلۆماتکاران دەڵێن ئەم هێرشەی تورکیا پرسیار دروست دەکات لەسەر چارەنووسی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و هەروەها گرژییەکی دیکە دروست دەکات لەنێو وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

دیبلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپا وتی " ئەمە کارەساتە بۆ تورک و کورد و ئێمەش. ئەم دەستوەردانە سەربازییەی تورکیا کێشەکانی نێوان ئەوروپا و تورکیا و هەموو کێشەکانی دیکە ئاڵۆزتر دەکات."

ئەنقەرە دەڵێت بەنیازە ناوچەی ئارام دابمەزرێنێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە سورییانەی کە لە تورکیادا هەن و ئەنقەرە دەیەوێت ئەوروپا خەرجی ئەو بابەتە بدات، بەڵام دیبلۆماتکارانی ئەوروپی دەڵێن ئەم پلانەی تورکیا واقعی نیە.

وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ئەو پلانانەی تورکیایان ڕەت کردەوە و وتیان هیچ یارمەتییەک پێشکەش ناکەن.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ژان کلود یۆنکەر ڕاشکاوانە وتی " پێشبینی ئەوە مەکەن یەکێتی ئەوروپا خەرجی ئەوە بدات."

هێشتا ڕوون نیە ئەوروپا دەتوانێت چی بکات بۆ فشار خستنە سەر تورکیا، چونکە یەکێتی ئەوروپا پشت بە تورکیا دەبەستێت لە ڕاگرتنی شەپۆلی پەنابەراندا بۆ ئەوروپا، ئەمەش بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2016 دا و تیایدا دەبێت تورکیا کۆچی نایاسایی لەڕێی دەریای ئیجەوە بگرێت.

تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر ئەوروپا پشتیوانی لە پلانەکانی نەکات ئەوا " دەرگاکان دەکاتەوە " بەڕووی ئەو کەسانەدا کە لە تورکیان و دەیانەوێت بەرەو ئەوروپا بڕۆن، هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشەیەی تورکیادا، ژمارەی ئەو کەسانەی دەگەنە ئەوروپا زیادی کرد.

دیبلۆماتکارێکی ئەوروپی لەسەر ڕێکەوتنی ڕاگرتنی کۆچ لەگەڵ تورکیادا وتی " پێویستە ماڵی خۆمان لە ناوەوە ڕێکخەینەوە. هیشتا نەگەیشتووین بەڕێکەوتنێکی بە کۆمەڵ سەبارەت بە کێشەکانی پەنابەران و لەبەر ئەوەشە خۆمان خستۆتە ئەو ڕەوشەوە کە سەرانەمان لێبسەندرێت."

دیبلۆماتکاران ئاماژەیان بە کۆبوونەوەیەکی داخراو کرد کە ڕۆژی سێشەممە ئەنجامدراوە و نوێنەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆ نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە پلانەکانی تورکیا و هەوڵیانداوە فشار بخەنە سەر ئەردۆگان تاوەکو دەست هەڵبگرێت لەم ئەرکە سەربازییە.

بەڵام نوێنەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لەو باوەڕەدان کە ناتوانن هیچ شتێک بکەن بۆ ڕاگرتنی تورکیا چونکە ناتۆ لە سوریادا چالاک نیە و هیچ داوایەکیش نیە بۆ چوونە ناوەوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ سوریا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG