Accessibility links

دوای ماکرۆن، کۆمسیۆنی ئەوروپا داوای پێکهێنانی سوپای یەکێتی یەکێتی ئەوروپا دەکات


سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ژان کلود یۆنکەر

کۆمسیۆنی ئەوروپا داوای کرد سوپایەکی یەکێتی ئەوروپا پێک بهێنرێت دوای ئەوەی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن داوای کرد سوپایەکی ڕاستەقینەی یەکێتی ئەوروپا پێک بهێنرێت تاوەکو کەمتر پشت بە ئەمەریکا ببەسترێت.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ژان کلود یۆنکەر لە کۆنەوە پشتیوانی ئەو بیرۆکەیە دەکات کە توانایەکی سەربازیی بەهێز پێک بهێنرێت جیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کە ئەمەریکا دەستی بەسەردا گرتووە.

بەڵام بەڕیتانیا کە ماوەیەکی زۆرە دژایەتی هاریکاری سەربازیی دەکات لەنێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکەدا، چوونە دەرەوەی لە یەکێتی ئەوروپا وای لێکردووە بگەڕێت بە دوای هاریکاری بەرگریدا چونکە دەترسێت سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئامادە نەبێت بەرگری لە ئەوروپا بکات دژی ڕوسیا کە لەمدواییانەدا تواناکانی خۆی زیاد کردووە.

هەندێک لە ڕابەرانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هاوڕان لەسەر ئەوەی پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی هاوبەش هاوپەیمانێتی ناتۆ لەناو دەبات هەروەها نیگەرانی دەخاتە نێو ئەو وڵاتانەشەوە کە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا نین و بێلایەنن. بەڵام زۆربەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە مانگی دوانزەی ڕابردوودا ڕێکەوتن لەسەر هاریکاری هاوبەش سەبارەت بە کۆمەکیکردن و پەرەپێدانی هێزە چەکدارەکانیان.

وتەبێژی سەرەکی کۆمسیۆنی ئەوروپا مارگارێتس سکیناس وتی پڕۆژەی نوێی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی هاریکاری تایبەتەوەیە لە بوارەکانی کڕین و توێژینەوە بەرگرییەکان و هەروەها ئەرکی پاراستنی ئاشتی لە ناوخۆ و دەرەوەی یەکێتیەکەدا.

بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کۆمسیۆن پێشنیاری زۆری هەیە بۆ دروستکردنی بەرگرییەکی گەورەتر و بەهێزتر لەم کاتە قورسانەدا."

وتیشی " بڕواناکەم ئەم بەهێزکردنی بەرگرییە بە پێکهێنانی سوپای یەکێتی ئەوروپا دەست پێبکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG