Accessibility links

ئەمەریکا پێشوازی لە بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا


بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا وتی ئەو هەنگاوەی یەکێتی ئەوروپا ناویەتی بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا سەبارەت بە بەرنامە موشەکیە بالسیتیکیەکەی و دەست تێوەردانی لە ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر گرنگ و بەسوود دەبێت.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کە هەڵوێستێکی توندتری هەیە بەرامبەر ئێران بەبەراور لەگەڵ سەرۆکی پێشوو باراک ئۆبامادا وتی دەبێت بەرنامە موشەکییە بالیستیکیەکەی ئێران بوەستێنرێت و سزای تاران بدرێت لەسەر ئەو ڕۆڵەی کە لە یەمەن و سوریادا دەیبینێت.

هەروەها سەرۆک ترامپ لە ماوەی ڕابردوودا ڕەتی کردەوە پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە پەسەند بکات کە لە ساڵی 2015 دا لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کراوە و تیایدا هاتووە دەڵێت لە بەرامبەر وەستاندنی چالاکییە ناوەکییەکانی ئێراندا سزا ئابوورییەکان سەر ئێران لادەبرێن.

بەڵام یەکێتی ئەوروپا کە زۆرکات سەبارەت بە سزا نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ ئەمەریکادا هەماهەنگی دەکات، بە بەهێزیەوە داوا دەکات پارێزگاری لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بکرێت و دەڵێت ئەم ڕێکەوتنە جیا بکرێتەوە لە بەرنامە موشەکییەکەی ئێران و کاروباری ئەمنی ناوچەکەدا.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن باسی لە ئەگەری سەپاندنی سزای نوێ کرد بەسەر ئێراندا و وتی زۆر نیگەرانە سەبارەت بە بەرنامە موشەکییەکەی ئێران، ئەوەش دوای ئەوەی موشەکێک لە یەمەنەوە ئاڕاستەی سعودیە کرا.

بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا لە بڕۆکسل کاتێک سەبارەت بەوەی کە ئایا واشنتن دەیەوێت یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بسەپێنێت بەسەر ئێراندا یان نا، ئەویش لە وەڵامدا وتی " بەدڵنیاییەوە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت و لەوانەشە بەسوود بێت بۆ یەکێتی ئەوروپا."

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا مۆگیرینی سەبارەت بە لێدوانەکانی ماکرۆن پرسیاری لێکرا و لە وەڵامدا وتی " گفتوگۆمان نەکردووە، ئەمڕۆ نەمانکردووە، هەفتەی پێشووش نەمان کردووە و پێم وانیە لە داهاتووشدا گفتوگۆ لەسەر سەپاندنی سزای زیاتر بکەین بۆ سەر ئێران لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە."

وتیشی " موشەکە بالیستیکیەکان ناکەونە چوارچێوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە. ئەوە باس و پێشنیارێکە کە هیچ کات لە مانگەکانی پێشوودا لەسەر مێزی گفتوگۆکەمان باس نەکراوە و پێشم وانیە لە داهاتوویەکی نزیکدا باس بکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG