Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا داوا لە ئێران دەکات ڕێوشوێنێک نەگرێتەبەر ببێتەهۆی لەناوبردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە


یەکێتی ئەوروپا داوای لە ئێران کرد ڕێوشوێنێک نەگرێتەبەر ببێتە هۆی لەناوبردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ە و وتیشی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا و پێدەچێت لیژنەیەکی هاوبەش پێک بهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە.

وتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێمە زۆر نیگەرانین لە بڕیارەکەی ئێران سەبارەت بەوەی دەست دەکەن بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ زیاتر لە سەدا 3.67 ."

وتیشی " داوا لە ئێران دەکەین هەموو ئەو چالاکییانە ڕابگرێت کە یەک ناگرنەوە لەگەڵ بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا و پاشگەزبێتەوە لێیان. ئێمە لە پەیوەندییداین لەگەڵ وڵاتانی دیکەی بەشدار لە ڕێکەوتنەکەدا و گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی دواتر دەکەین بەپێی ڕێکەوتنەکە و لیژنەیەکی هاوبەش پێک دەهێنرێت."

لەلای خۆیەوە بەڕیتانیا کە بەشدارە لە ڕێکەوتنەکەدا وتی بەپێی بەندەکانی ڕێکەوتنەکە ئێران پێشێلکاری کردووە و داوای کرد دەستبەجێ ئێران پاشگەزبێتەوە لە چالاکییەکانی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی " ئێران بەندەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی پێشێلکردووە، سەرەڕای ئەوەی بەڕیتانیا بەتەواوەتی پابەند دەبێت بە ڕێکەوتنەکەوە، دەبێت ئێران دەستبەجێ هەموو ئەو چالاکییانە ڕابگرێت کە ڕێکەوتنەکە پێشێل دەکەن و پاشگەز ببێتەوە لێیان. لەگەڵ هەموو لایەنەکانی بەشدار لە ڕێکەوتنەکەدا هەماهەنگی دەکەین سەبارەت بە هەنگاوەکانی دواتر بەپێی بەندەکانی ڕێکەوتنەکە."

بە هەمان شێوە ئەڵمانیا داوای لە ئێران کرد ئەو ڕێوشوێنانە نەگرێتەبەر کە دەبنە هۆی لەناوبردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە . وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وتی " زۆر هەست بە نیگەرانی دەکەین سەبارەت بە بڕیارەکەی ئێران کە بەنیازە یۆرانیۆم لە ڕێژەی دیاریکراو زیاتر بپیتێنێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG