Accessibility links

موگیرینی : ئەوروپا هەوڵی چارەسەرێکی خێرا دەدات بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران


بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی وتی یەکێتی ئەوروپا ناتوانێت گرەنتی یاسایی و دارایی بدات بە ئێران بەڵام جددیە سەبارەت بە دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ بەردەوامبوونی وەبەرهێنانەکان و لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕێوشوێنەکان پێشنیار دەکرێن لەم بارەیەوە.

دوای کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیادا، موگیرینی وتی بەرپرسە بەشدارەکانی ڕێکەوتنەکە شارەزایانیان ڕاسپاردووە بۆ پاراستنی کارەکانی ئەوروپا لە ئێران. هەفتەی داهاتووش کۆبوونەوەیەک لە ڤییەنا لە سەر ئاستی نوێنەرانی وەزیرانی دەرەوە ئەنجام دەدرێت.

وتیشی " ئێمە کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی کرداری، ئێمە باس لە کۆمەڵێک چارەسەر دەکەین بۆ پاراستنی ڕێکەوتنەکە." وتیشی ئەو ڕێوشوێنانە هەوڵدەدەن ڕێگە بە ئێران بدەن بەردەوام بێت لە هەناردەکردنی نەوت و ڕێگە دەدات بە بانکە ئەوروپییەکان تاوەکو لە ئێران کار بکەن.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی سێشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئێران و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف وتی " ئێمە لەسەر ئاڕاستەیەکی ڕاستین، زۆر شت هەیە لەسەرمان لە هەفتەکانی داهاتوودا دەبێت ئەنجامیان بدەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG