Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا نیگەرانە لە چالاکییە موشەکییەکانی ئێران و ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا


یەکێتی ئەوروپا وتی زۆر نیگەرانە سەبارەت بە چالاکییە موشەکییە باڵیستیکیەکانی ئێران و ئەو تاقیکردنەوە موشەکییانەی ئەنجامی دەدات، داواشی لە تاران کرد واز لەو چالاکییانە بهێنێت کە بۆتە هۆی نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.

جێی ئاماژەیە ئێران بەرنامە موشەکییەکەی فراوانتر کردووە سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا و دژایەتیکردنی ئەوروپا. تاران دەڵێت بەرنامە موشەکییەکەی تەنها بۆ مەبەستی بەرگرییە.

یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی دەگمەندا وتی " ئەنجومەنەکە زۆر نیگەرانە سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێران لە بوارەکانی موشەکی باڵیستیکیدا و داوا لە ئێران دەکات واز لەو چالاکییانە بهێنێت."

وتیشی " ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی مەودا و وردبینی موشەکەکانی و لە هەمان کاتیشدا تاقیکردنەوەکانی زیاد کردووە. ئەم چالاکییانە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی نائارامی لە ناوچەکەدا."

یەکێتی ئەوروپا وتیشی ئێران بە تایبەتی دەبێت واز لەو چالاکییانە بهێنێت کە پەیوەستن بەو موشەکانەوە کە لەتوانایاندا هەیە کڵاوەی ناوەکیی هەڵبگرن.

لەلای خۆشییەوە ئێران دەڵێت تاقیکردنەوە موشەکییەکانی یاساکان پێشێل ناکات و ڕەتی دەکاتەوە موشەکەکانی لەتوانایاندا هەبێت کڵاوەی ناوەکی هەڵبگرن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG