Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا نەیتوانی ڕێبکەوێت لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا


ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا

یەکێتی ئەوروپا نەیتوانی ڕێبکەوێت لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا، ئەوەش لەنێوەندی دژایەتیکردنی لەلایەن ئیتاڵیاوە و ترسی ئەوەی کە سزادانی ئێران بەهۆی بەرنامە ناوەکییەکەی و ڕۆڵی وڵاتەکە لە ناوچەکەدا نەتوانن وابکەن سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە نەکشێتەوە.

هەندێک لە سیاسەتمەدارانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەیاندا لە لۆکسۆمبۆرگ وتیان ڕێنەکەوتن لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا مانای ئەوەیە کە یەکێتییەکە ناتوانێت هەتاوەکوو 12ی مانگی پێنج کە سەرۆک ترامپ دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێراندا سەرکەوتوو بێت.

یەکێتی ئەوروپا هەوڵدەدات ڕێکەوتنەکە ڕزگار بکات کە لە ساڵی 2015 دا لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کراوە بۆ سنووردارکردنی چالاکیە ناوەکییەکانی ئێران و لەبەرامبەردا بەرزکردنەوەی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە. بەڵام سەرۆک ترامپ بەتوندی ڕەخنەی لەو ڕێکەوتنە گرت و داوای لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کرد کە تاوەکو 12 ی مانگی پێنج ڕێوشوێنێک بدۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک چاکسازی لە ڕێکەوتنەکەدا کە بەپێی سەرۆک ترامپ هەڵەی زۆر تێدایە.

سەرۆک ترامپ هەڕەشەی ئەوە کردووە کە بەرزکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران درێژ نەکاتەوە و دووبارە سزاکان بسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا.

لە هەوڵێکدا بۆ وەڵامدانەوەی ڕەخنەکانی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە ڕێکەوتنەکە، فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا پێشنیاری سەپاندنی سزای نوێیان کردووە بەسەر هێزە چەکدارەکان و سەرکردەکانی سوپای ئێراندا کە لەجیاتی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەجەنگێن.

ئەو سێ وڵاتە هیوادارن بتوانن بەرپرسیارێتی ئەو کارانە بخەنە ئەستۆی ئێران و سەرۆک ترامپ ڕازی بکەن کە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە نەکشێتەوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکەی لۆکسۆمبۆرگدا ئیتاڵیا دژایەتی ئەو پێشنیارەی فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیای کرد و نەمساش پشتگیری لە ئیتاڵیا کرد.

دیبلۆماتکارێکی یەکێک لەو سێ وڵاتە وتی یەکێتییەکە هێشتا چوار هەفتەی ماوە و ئەوە ئاشکرایە کە نزیک دەبینەوە لە کاتی کۆتایی سەرەڕای ئەوەی پێویستمان بە هەندێک کاتی زیاترە.

دیبلۆماتکارێکی دیکە وتی لە ئێستادا ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە یەکێتییەکە بتوانێت هەتاوەکوو 12 ی مانگی پێنج سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG