Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیا دەکات


بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی

وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیایان کرد بۆ سەر سوریا، ئەمەش بەبێ ئەوەی بە فەڕمی قەدەغەکردنی هەناردەی چەک بۆ تورکیا ڕابگەیەنن.

زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی لەوانەش فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و نەرویج و فینلەندا هەناردەی چەکیان بۆ تورکیا قەدەغە کردووە بەهۆی هێرشەکەیەوە بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەروەها داواشیان لە یەکێتییەکە کردووە هەناردەی چەک بۆ ئەو وڵاتە قەدەغە بکات.

کۆمەڵێک دیبلۆماتکاری باڵای ئەوروپی بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسیان وت بەهۆی ئەندامێتی تورکیاوە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا قورسە لەم جۆرە قەدەغەکردنە جێبەجێ بکرێت.

سەرەڕای ئەوەش وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ڕازیبوون لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەو چەکانەی ڕەوانە دەکرێن ببنە هۆی مایەی پشێوی و ناسەقامگیری ئەوا دەبێت هەناردەکردنیان قەدەغە بکرێت، ئەمەش سیاسەتی هاوبەشی ئێستای وڵاتانی یەکێتی ئەوروپایە و لەو حاڵەتەدا بە توندی دەگیردرێتەبەر.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی وتی ئەم پابەندبوونەی کە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕازیبوون لەسەری هەمان " کاریگەری " قەدەغەکردنی هەناردەی چەکی دەبێت، بەڵام جێبەجێکردنی خێراتر و ئاسانتر دەبێت.

وتیشی " من دڵخۆشم بەوەی ئەمجارە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام بە یەک دەنگ قسەیان کرد و هەروەها پێکەوە هەنگاوێکی دیکەیان نا. بەڵام ئەمە بەس دەبێت ؟ با ببینین."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕازیبوون لەسەر ئەوەی " لەمەودوا هیچ هەناردەیەکی چەک بۆ تورکیا پەسەند نەکەن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG