وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆڕێل لە تاران لەگەڵ سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی و وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریفدا کۆبۆوە، سەردانەکەی بۆڕێل مەبەست لێی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا بوو کە بەهۆی دۆسیەی ناوەکی ئێرانەوە پەیوەندییەکانیان تێکچووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەدا زەریف و بۆڕێل تاوتوێی " ڕەوشی کەنداو و سنووردانان بۆ گرژیەکانی ناوچەکە " کردووە هەروەها گفتوگۆیان لەسەر " پلانە ئاشتیەکەی ئەمەریکا کردووە بۆ فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل، هەروەها باس لە دەرەنجامە خراپەکانی ئەو پلانە کراوە بۆ سەر ناوچەکە و جیهانیش، هەروەها گفتوگۆیان لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران و ڕووداوەکانی ئەمدواییانەی عێراق و سوریا و یەمەن کردووە."
وابڕیارە دواتر بۆڕێل لەگەڵ سەرکی ئەنجومەنی ڕاوێژکارانی ئێران عەلی لاریجانیدا کۆببێتەوە.
ئۆفیسی بۆڕێل لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا " ئامانجی سەردانەکەی کەمکردنەوەی گرژییەکان و تاوتوێکردنی چارەسەرە سیاسییەکانە بۆ ئەم قەیرانەی ئێستای ناوچەکە."
هەروەها وتیشی " بۆڕێل جەخت لە سووربوونی یەکێتی ئەوروپا دەکاتەوە بۆ پاراستنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کە لە ساڵی 2015 دا واژۆکراوە."
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران عەباس موسەوی وتی " سەردانەکە گرنگە."
وتیشی " هیوادارم گفتوگۆکانی نێوان بۆڕێل لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا وابکات ئەوروپییەکان لە ڕەوشی ئێستا تێبگەن و نیازپاکی پیشان بدەن لەڕێی گرتنەبەری ڕێوشوێنی جددییەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس