Accessibility links

ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا دەگەنە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە کۆچ


ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا دوای کۆبوونەوەکەیان کە ماوەی 10 کاتژمێری خایاند لە بڕۆکسل گەیشتنە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە بابەتێکی هەستیار کە هەڕەشە لە شنگن و حکومەتەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ دەکات.

سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک کە سەرپەرشتی گفتوگۆکان دەکات وتی " ڕابەرانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕێکەوتوون و یەکێک لەو بابەتانەی کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە بابەتی کۆچ بووە."

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا ئیتاڵیا بەربەستی خستە بەردەم گەیشتن بە هەر ڕێکەوتنێک ئەگەر هاوبەشە ئەوروپییەکانی داواکارییەکانی سەبارەت بە کۆچ جێبەجێ نەکەن. لەو کۆبوونەوەیەدا ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی دیکە کردووە لەوانەش بازرگانی و ئاسایش.

لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جۆزێپی کۆنتی وتی ڕازییە بە ڕێکەوتنەکە و ئاماژەشی بەوەدا دواتر ڕۆما بڕیار دەدات کە ئایا میوانداری ناوەندەکانی کۆچبەران بکات یاخوود نا.

کۆنتی دوای کۆبوونەوەکەی لە بڕۆکسل بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە ڕازین. دانوستانەکان کاتێکی زۆریان خایاند بەڵام ئیتاڵیا لەمڕۆوە بە تەنها نیە."

یەکێک لە خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە ئەوەیە ناوەندی کۆچبەران لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا دابمەزرێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پەنابەرانەی کە داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، بەڵام کۆنتی ڕوونی کردەوە کە ئیتاڵیا هێشتا بڕیاری نەداوە ئەو ناوەندانە لە خاکی ئیتاڵیا دامبەزرێنرێن یاخوود نا.

وتیشی " ئەم بڕیارە لە ناو حکومەتدا هەموومان پێکەوە دەیدەین، بە هیچ شێوەیەک پێمان نەوتراوە کار لەسەر ئەوە بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG