Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا 500 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات


بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا 500 ملیۆن دۆلاری دیکەیان بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد، بەمەش پشتیوانییە سەربازییەکانی یەکێتییەکە بۆ ئۆکرانیا گەیشتە 2.5 ملیار یۆرۆ.

وەزیری دەرەوەی سوید ئان لیند لە بەیاننامەیەکدا گوتی " ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا، گەیشتنین بە ڕێکەوتنێکی سیاسیی لەسەر قۆناغی پێنجەمی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا."

ئەو پارەیە یارمەتی یەکێتی ئەوروپا دەدات بەردەوام بێت لە کڕینی کەلوپەل و پێویستیی سەربازی بۆ سوپای ئۆکرانیا، بە چەکی کوشندەشەوە، کە یەکێتییەکە دەڵێت دەبێت تەنها بۆ بەرگریکردن بەکاربهێندرێن.

ئەو پارەیەی یەکێتییەکە تەرخانی کردووە لە بودجە حەوت ساڵییەکەی دەرهێندراوە، زۆرجار یاساکانی یەکێتی ئەوروپا ڕێگە نادەن پارەی ئەو بودجەیە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەکاربهێندرێن، بەڵام دامەزراوەی ئاشتی ئەوروپی کە سنوورەکەی پێنج ملیار یۆرۆیە، لە دەرەوەی بودجەکەیە و دەتوانرێت بۆ دابینکردنی پشتیوانی سەربازیی بەکاربهێندرێت.

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا، یەکێتی ئەوروپا یەکەمین قۆناغی دابینکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد.

بەڵام لە کاتێکدا کە تەنها لە پێنج مانگدا نزیکەی نیوەی بودجە حەوت ساڵییەکەی دراوە بە ئۆکرانیا، هێشتا ڕوون نیە کە ئایا یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت لەگەڵ بەردەوام بوونی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا بەردەوام بێت لە کڕین و گەیاندنی چەک و کەلوپەلە سەربازییەکاندا بۆ ئۆکرانیا یاخود نا.

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند یارمەتییەکان بەردەوام دەبن، گوتی جەنگەکەش بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بەوەدا هەوڵیداوە پیشانی ئۆکرانیای بدات کە یەکێتی ئەوروپا کۆڵ نادات، گوتیشی پێشبینی دەکات باڵیۆزەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەم هەفتەیەدا قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئاڵتونی ڕووسیا پەسەند بکەن.

بۆڕێڵ گوتی " من دڵنیام پوتن پشت بە ماندوبوونی دیموکراتەکان دەبەستێت، باوەڕی وایە دیموکراتەکان لاوازن. نەخێر. کۆمەڵگەکانی ئەوروپا ناتوانن ماندوو ببن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG