Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا دواخستنی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتیەکە پەسەند دەکات


یەکێتی ئەوروپا ڕازیبوو لەسەر دواخستنی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە، ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن داوا لە پەرلەمانی بەڕیتانیا دەکات پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە ناچاریان کرد داوای دواخستنی جیابوونەوەکە بکات لە یەکێتیەکە.

بۆریس جۆنسن بەڵێنیدابوو هەرگیز داوای دواخستنی جیابوونەوەکە نەکات لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام دوای ئەوەی ڕێکەوتنەکەی بۆ جیابوونەوەکە لەلایەن پەرلەمانەوە ڕەت کرایەوە، بەپێی یاسایەک ناچارکرا داوا لە یەکێتیەکە بکات جیابوونەوەکە دوابخەن کە وابڕیاربوو لە 31 ی ئەم مانگەدا جێبەجێ بکرێت.

وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ڕازیبوون لەسەر دواخستنی جیابوونەوەی بەڕیتانیا بۆ کۆتای مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، بەڵام دەکرێت پێش ئەو کاتە بەڕیتانیا جیاببێتەوە ئەگەر پەرلەمانی بەڕیتانیا ڕازی ببێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا دانۆڵد تۆسک وتی " وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕازیبوون بە داواکەی بەڕیتانیا بۆ دواخستنی جیابوونەوەکە بۆ 31 ی مانگی یەکی ساڵی 2020."

جێی ئاماژەیە ئەمە سێیەمین جارە کاتی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دوادەخرێت، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانی بەڕیتانیا سێ جار ڕێكەوتنەکەی سەرۆک وەزیری پێشووی بەڕیتانیا تێریزا مەییان ڕەت کردەوە کە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا پێی گەیشتبوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG